کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردانی دانیشتووی وڵاتی فینلاند دژی هاتنی محەممەدجەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد

23:05 - 12 جۆزەردان 2716

کوردستان میدیا: کوردانی دانیشتووی وڵاتی فینلاند دژی هاتنی محەممەدجەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران و ژمارەیەک لە بازرگانانی ڕێژیم خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١١ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە شاری هێلسینکی پایتەختی فینلاند، ژمارەیەک لە کوردانی دانیشتووی ئەو وڵاتە، بە مەبەستی دەربڕینی دەنگی ناڕەزایی لە بەرامبەر میوانداریی دەوڵەتی فینلاند لە محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و ژمارەیەک لە بازرگاکانانی ئێرانی، ڕێپێوانێکیان ئەنجام دا.

ئەم خۆپیشاندانەکە لەبەردەم بینای مارینا کۆنگرێس سەنتەر، شوێنی کۆبوونەوەکانی وەفدەکەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و فینلاند دەستی پێکرد.

خۆپێشاندەران بە هەڵگرتنی ئارم و ئاڵای کوردستان وێنەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و گوتنەوەی دروشمەکانی مەرگ بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران، مەرگ بۆ تیرۆریست، ئازادی بۆ کوردستان، ئازادی بۆ زیندانیانی سیاسی و مەدەنی، نا بۆ ئیعدام و ئازادی بۆ محەممەد سەدیقی کەبوودوەند ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر میوانداریی دەوڵەتی فینلاند لە وەفدی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەربڕی.

لە بەشێكی دیکەی خۆپیشاندانەکەدا، داخوازینامەی هێزە سیاسیەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە هەر یەک لە زمانەکانی فینلاندی و کوردی و فارسی خوێندرانەوە. لە داخوازینامەکەدا هاتبوو، کە دەوڵەتی فینلاند لە ڕێگەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیەوە زەخت بخاته سەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکات بۆ دەستهەڵگرتن لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان و ئازادکردنی هەرچی زووتری زیندانیان سیاسی و یەک لە وانە محەممەد سدیقی کەبودوەند و هەروەها کۆتایی بهێنێت بە سیاسەتەکانی دژ بە نەتەوەی کورد لە ئێران.

پاشان خۆپیشاندەران بە گوتنەوەی دروشمەکانیان بەرەو بەردەم بینای وەزارەتی دەرەوەی فینلاند بەڕێکەوتن و لەوێ نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕاپۆرتێکی بە بەشدار بووانی خۆپیشاندانەکە پێشکەش کرد.

لە پەیوەندی لەگەڵ ئەنجامی دیداری ڕۆژی پێشتری ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکەی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی فینلاند و لەو ڕاپۆرتەدا هاتبوو داخوازینامەی ڕێکخەرانی ڕێپێوانەکە پێشکەش بە وەزارەتی دەرەوەی فینلاند کراوە و خاتوو کیرسیککا لێهتۆ ئاسیکاینێنم بەپرسی کار و باری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەنداو لە وەزارەتی دەرەوەی فینلاند، دووپاتی ئەوەی کردووەتەوە، کە پرسەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، بەشێک دەبن لە باسەکانیان لەگەڵ وەفدی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران.