کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان بە پێشوازیی ٢ی ڕێبەندانەوە چوو

12:46 - 27 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، بەپیریی یادی دامەزراندنی کۆماری کوردستانەوە چوون.

ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شارەکانی "سەقز و مەریوان"، بە ئەنجامدانی چالاکیی تەبلیغی، یادی ٢ی ڕێبەندان، ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستانیان بەرز ڕاگرت.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٦ی بەفرانبار، تێکۆشەرانی دێموکرات لە گوندی "وزمەڵێ"، سەر بە ناوچەی سەرشیوی سەقز، بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە بەرزاییەکانی ئەو گوندە، یادی دامەزراندنی کۆماری کوردستانیان بەرز ڕاگرت. 

هەروەها چاونەترسانی دێموکرات لە "مەریوان" و لە شارەدێی "نێ"، ساڵڕۆژی دامەزراندی کۆماری کوردستانیان بە ئەنجامدانی چالاکییەکی بەرینی تەبلیغی، پیرۆز کرد.

لەو چالاکییەدا بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پووستێری تایبەت بەو ڕۆژە لە شوێنە گشتییەکاندا، پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، نوێ کردەوە.

تراکت و پووستێرەکانی ئەو چالاکییە بە شێوەیەکی بەربڵاو لە شوێنەکانی: "کەمەربەندیی ١، کۆڵانی مزگەوتی نەبی، کۆڵانی بەهاری شەبڕەنگ، کۆڵانی مزگەوتی هەژارە، دەوروبەری بانکی قەرزولحەسەنەی ڕەسالەت"، بڵاو کرایەوە.

هەروەها ئەمەگدارانی دێموکرات لە گوندی "وەیسە"، لە بنار کێوی "سوورێن"، دروشمی تایبەت بە ٢ی ڕێبەندانیان لەسەر دیوارەکانی ئەو گوندە نووسییەوە.

وەفادارانی دێموکرات هەر لە چوارچێوەی ئەو چالاکییانەدا، بە چوونە سەر مەزاری دوو ئەندامی حیزب بە ناوەکانی "باست بەردارە و هیوا نیک پەی" و بە بڵاوکردنەوەی سروود، ڕێزیان لە ڕێبازی هاوخەباتانیان گرت.