کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان بە چالاکیی تەبلیغیی ڕازاوەتەوە

11:02 - 20 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران به بۆنەی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغیی بەردەوامن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو, ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شارەکانی سەقز، پیرانشار و شنۆ بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز تراکت و پۆستێری تایبەت بەو ڕۆژەیان بڵاو کردەوە.

ئەندامان و پێشمەرگە قارەمانەکانی شاری سەقز بە بەڕێوەبردنی چالاکیی بەرینی تەبلیغی لە ناو شار و گوندەکان خۆشەویستی خۆیان بۆ هێزی پێشمەرگە و ڕق و قینی خۆیان بۆ دەسەڵاتداری زۆرەملێی کۆماری ئێسلامی دەربڕی.

پێشمەرگە گیان لەسەر دەستەکانی شار لە نێو شاری سەقز بە بڵاوکردنەوەی پۆستێری تایبەت بە ٢٦ی سەرماوەز لە گەڕەکەکانی "حەماڵاوا، مەیدانی هەڵۆ، مزگەوتی جامع و دەوروبەری زانکۆ" خۆشحاڵیان خستە دڵی خەڵکەوە.

هاوکات پێشمەرگەکانی شار، لەسەر تابڵۆی جاددەی گوندەکانی سەقز هەتا بانە و لەو لای دیکەشەوە سەقز هەتا بۆکان پووستێریان بڵاو کردەوە کە بریتین لە ئاواییەکانی "یازیبڵاغی، ئاخکەند، مەڕخوز، ئاڵتوونی خواروو، سەرا ، شارەکی پیشەسازان زۆر بە چڕی، دەوری کارخانە ئاسفاڵت، دەور و پشتی پۆلیسڕای بۆکان سەقز".

قارەمانانی دێموکرات لە گوندی "سینگان" سەر بە شاری شنۆش بە نووسینی دروشمی و بڵاوکردنەوەی وێنە و تراکت پشتیوانیی خۆیان لە حیزبی دێموکرات دەربڕی.

لە درێژەی ئەو کار و چالاکییانەدا، تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاری پیرانشار لە فەلەکەی "محەممەد هەوراز" چالاکی تەبلیغییان بەڕێوە بردووە.