کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی شەهید عوسمان مستەفاپوور هاوخەمیی دەربڕی

12:39 - 17 خەرمانان 2721

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شار و ناوچەکانی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک ''عوسمان مستەفا پوور''  تێکۆشەر و پێشمەرگەی خۆڕاگری نەتەوەی کورد لە چەندین پەیامدا هاوخەمیی خۆیان دەربڕی.

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شارەکانی ''مەهاباد، پیرانشار، سەقز ، ناوچەی مەرگەوەڕ، جوانڕۆ، کرماشان، سنە، ئیلام، ئاوایی ئەوێهەنگی ناوچەی ژاوەرۆ'' لە پەیامی هاوخەمییدا بەداخبوونی خۆیان بۆ کۆچی دوایی کاک ''عوسمان مستەفا پوور'' دەربڕی و بۆ جارێکی دیکە پەیمانیان لەگەڵ شەهیدانی کورد و کوردستان نوێ کردەوە.

ئەندامانی حیزبی دێموکرات  پرسە و سەرەخۆشی خۆیان ئاراستەی خەڵکی کوردستان، بنەماڵەی بەڕێزیان، کادر و پێشمەرگە قارەمانەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران کردووە و خۆیان بە هاوبەشی خەمیان زانیوە.

هەروەها  کۆمەڵێک لە زیندانیانی سیاسی و هاوبەندەکانی نەمر ''عوسمان مستەفاپوور'' بەنیسبەت کۆچی ناوەختی کۆنترین زیندانیی سیاسیی کورد لە پەیامێکدا پرسە و سەرەخوشیی خۆیان ئاراستەی بنەماڵە و هاوسەنگەرانی کاک عوسمان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کردووە.

شەهید ''عوسمان مستەفاپوور'' ماوەی ٢٨ ساڵ، زیندان و سیاچاڵەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کردبوو  بە قوتابخانەی خۆڕاگری و وانەی خەباتگێریی، هەرگیز بۆ ساتێکش لە هەمبەر ویستە ناڕەواکانی ڕێژیم بە چوکدا نەهات و بە داخوازییە ڕەواکانی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات وەفادار مایەوە.

شەهید ''عوسمان مستەفا پوور'' بەرەبەیانیی ڕێکەوتی ١٦ی خەرمانانی ١٤٠٠ بەهۆی پەتای کورۆنا کۆچی دوایی کرد و چووە ڕیزی کاروانی سەربەرزی شەهیدانی نیشتمان.