کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان خۆی بۆ مانگرتنی گشتیی ئامادە دەکات

13:14 - 19 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: دوابەدوای داواکاری ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەمەڕ بەڕێوەبردنی مانگرتنی گشتیی لە کوردستان، گەلی کورد خۆی بۆ حەماسەیەکی نوێ ئامادە دەکات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی ئێران بەمەبەستی مەحکووم کردنی کردەوە دژەئینسانییەکانی ڕێژیمی تاران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دژ بە گەلی کورد و بەپیرەوەچوونی داواکاری ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بۆ بەرێوەبردنی مانگرتنی سەرانسەری خۆیان ئامادە دەکەن.

بەپێی ئەم هەواڵە لە زۆربەی شارەکانی کوردستاندا خەڵک بۆ پشتیوانی و بەهاناوە چوونی داواکاری حیزبەکانییان لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا باس لە مانگرتن دەکەن و هانی یەکتر دەدەن کە بەشداری مانگرتن بن.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ڕێکەوتی ١٨ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی لە دووتوێی ڕاگەیەندراوێکدا داوای لە خەڵکی خۆڕاگر و بە هەڵوێستی کوردستان کرد کە ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو، 21ی خەرمانان بە مانگرتنی گشتی، بێزاریی خۆیان لە نوێترین تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رابگەیەنن.

هەروەها تێیدا ڕوو لە خەڵکی کوردستان هاتووە: جارێکی دیکە بە نەهاتنەدەر لە ماڵەکانتان، چۆڵکردنی شەقامەکان و داخستنی دوکان و بازاڕ، نمایشێکی پڕ شکۆ لە بێزاربوون و "نا" گوتنی خۆتان بەو ڕێژیمە خوێنڕێژ و دژە کوردە، نیشان بدەنەوە.

ڕۆژی ١٧ی خەرمانی ئەمساڵ، ڕێژیمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی لاپەڕەیەکی ڕەشی دیکەی خستە سەر مێژووی پڕ لە تاوان و دڕندەیی خۆی بەرامبەر بە گەلی کورد و ڕاست لە بەرەبەیانی ئەو شەوە‌دا کە جەللادەکانی ئەو ڕێژیمە،٣ بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی زانیار و لوقمان مورادی و رامین حسێن پەناهییان لە دار دا، سوپای پاسداران بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان لە نزیک شاری کۆیە دایە بەر هێرشی مووشەکی کە بەهۆیەوە چەندین تێکۆشەری کورد شەهید و بریندار بوون.