کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان لە ئاگری ڕق و قینی ڕێژیمدا دەسووترێت

12:32 - 28 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ئاگربەردان و ئاگرکەوتنەوە لە زۆربەی شارەکانی کوردستاندا، بووەتە هۆی سووتان و لەنێوچوونی ڕێژەیەکی زۆر لە پووش، پاوان، مەزرا و بەرهەمەکانی کوردستانییان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٧ی پووشپەڕ، ئاگرکەوتنەوە لە شاری "بیجاڕ" بووەتە هۆی سووتانی ٣ هێکتار لە مەزراکانی خەڵک و هەروەها لە شارەکانی "سیلوانا" و "ئیلامـ"ـیش، بە ڕێژەیەکی زۆر لە لێڕەوار و لەوەڕگە و مەزراکانی ئەو ناوچانەش ئاگریان تێبەردرا و بوون بە خەڵووز.

هەر لەم پێوەندییەدا و بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری ماڵپەڕی "کوردستان میدیا"، ڕۆژی هەینی، ٢١ی پووشپەڕ، ئاگرکەوتنەوە لە مەزرای گەنمی خەڵکی گوندی "شاوەلە"ی سەر بە نەغەدە، بوو بەهۆی سووتانی ٦ هێکتار لە مەزراکانی ئەو ناوچەیە و سەرەنجام و پاش دوو کاتژمێر، ئەم ئاگرانە بە هەوڵ و هاوکاریی خەڵکی ئەو ناوچەیە، کوژێندرایەوە.

هەروەها ڕۆژی ڕابردوو، ٢٧ی پووشپەڕ، ئاگر لە دارستانەکانی گوندی "ئەحمەوئاوا"ی شاری سەوڵاوا بەردرا و خەسارێکی زۆر بەر ژینگەی ئەو گوندەیە کەوت.

ئەم ئاگرە لە لایەن ژینگەپارێزان و ئەندامانی کۆمیتەی گوندەکانی "ئەنجومەنی سەوزی چیا"ی مەریوان، کۆنترۆڵ کرا.

هەموو ساڵێک و لە وەرزی گەرمادا، وێڕای ئاگەرکەوتنەوەی سروشتی لە دارستانەکانی کوردستاندا، ژینگەی ئەم نیشتمانە دەکەوێتە بەر ڕق و قینی ڕێژیم و چڵکاوخۆرەکانی و زۆربەی ئاگرەکان، لە لایەن ئەوانەوە و بە مەبەستی کاولکردنی کوردستان، لە ژینگە بەر دەدرێت.