کوردستان میدیا: خەڵکی تێکۆشەری کوردستان، وێڕای ناردنی پەیامی هاوخەمی لەگەڵ ڕێبازی شەهیدانی کوردستان پەیمانی وەفاداریی نوێ دەکەنەوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شارە جیاوازەکانی کوردستان، بە ناردنی پەیام، بەڵێنیان نوێ کردووەتەوە کە درێژەدەری ڕێبازی شەهیدان دەبن و هەتا وەدیهاتنی ئامانجی شەهیدان دەست لە خەبات هەڵناگرن.
تیکۆشەرانی دێموکرات لە گوندی "هەرسین"، سەر بە شاری مەریوان، گوندی "کەسنەزانی سەرشیوی سەقز"، گوندی نێی دێموکراتپەروەر و گوندی ئەوێهەنگی سەر بە ژاوەرۆی مەریوان، هاوخەمیی خۆیان لەگەڵ خەڵکی کوردستان و حیزبی دێموکرات دەربڕیوە و پەیمانی وەفادارییان بە ڕێبازی شەهیدان نوێ کردووەتەوە.
مەریوان
ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە گوندی "هەرسین"، سەر بە شاری مەریوان پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی شەهیدان و بنەماڵە گەورەکەمان حیزبی دێموکرات دەکەین و بەڵێن دەدەین هەتا سەر درێژەدەری ڕێگایان بین.
ڕۆحیان شاد و ڕێگایان پڕ ڕێبوار بێت
سەقز
سڵاو و ڕێزی ئێمە، "گەنجانی گوندی کەسنزانی سەرشیوی سەقز"، بە بیستنی هەواڵی دڵتەزێنی شەهیدبوونی ئەو دوو پێشمەرگە قارەمانە زۆر داخدار بووین، بەو بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات، هەموو کادر و پێشمەرگەکان، لایەنگران و بەتایبەتی بنەماڵەی سەربەرزی دوو شەهیدی تازەمان دەکەین.
ڕۆحیان شاد بێت و ڕێگایان پڕ ڕێبوار بێت.
لە کۆتاییشدا پەیمان نوێ دەکەینەوه کە هەتا وەدیهێنانی ئامانجی پیرۆزی شەهیدان کۆڵ نەدین و تێکۆشین.
گوندی نێ
زۆر بەداخەوە هەواڵێکی زۆر دڵتەزێنمان بیست
دوو هاوڕێ و تێکۆشەر، دوو پێشمەرگەی قارەمانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان؛ کاک ڕەحیم و کاک ئیدریس تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی رێگای ڕزگاریی کوردستان بوون.
ئێمە خەڵکی گوندی نێ، پەیامی پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان لە بنەماڵەی سەربەرزیان و سەرجەم ئەندامان و لایەنگرانی دێموکرات و پێشمەرگەکانی کوردستان دەکەین و هەتا سەرکەوتنی ئامانجەکانیان ڕێگایان ون ناکەین.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی شەهید ئیدریس و ڕەحیم و سەرجەم شەهیدانی حیزب و گەلەکەمان.
سوێند دەخۆین
سوێند بە "ئەڵڵا"
سوێند بە ئاڵا
سوێند بە خاکی نیشتمانمان
سوێند بە خوێنی شەھیدانمان
سوێند بە ئاهـ و ناڵە و کزی باوکانمان
سوێند بە فرمێسک و جەرگی سووتاوی دایکانم
سوێند بە قازی و بە قاسملوو و شەرەفکەندی
دەست ھەڵ ناگرین، لە خەبات و دێموکراسی
ناوچەی ژاوەرۆی مەریوان
سەرکەوێت خەباتی شەرەفمەندانەی نەتەوەییی کورد بۆ ئازادی و ڕزگاریی کوردستان
ئێمه وەکوو پێشمەرگەکانی شار که پەیوەست بووین به شاخ، له ناوچەی ژاوەرۆی دێموکراتەوه له گوندی ئەوێهەنگی دێموکرات و دێموکراتپەروەرەوه، سەرەخۆشیی خۆمان به بۆنەی شەهیدانی نوێی ڕاسان و سەرجەم شەهیدانی حیزبەکەمان ئاراستەی ئەندامان و پێشمەرگه قارەمانەکانی حیزب و بنەماڵەی ئەو دوو شەهیدانه دەکەین.
هەروەها لێرەوه پەیمان نوێ دەکەینەوه. سوێند به قورئانی پیرۆز و به خاکی پاکی نیشتمان و به خوێنی شەهیدان، هەتا دوایین دڵۆپی خوێنمان وفادار بمێنین و دەست له خەبات و تێکۆشان دژ به داگیرکەرانی کۆماری سێداره هەڵنەگرین.
سڵاو له کوردستان
سڵاو له دێموکرات