کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری پاوە، سەردانی شوێنی گیانبازیی شەهیدانیان کرد و لەگەڵ ڕێبازیان پەیمانیان نوێ کردەوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە سەیرانگای "ویمیر"ی پاوە، سەردانی شوێنی گیانبازیی شەهیدان "شاهۆ وەیسی" و " زانیار ئیسلامی"، شەهیدانی سوورخەڵاتی ڕاسانیان کرد.
لەو چالاکییەدا وەفادارانی دێموکرات، بە دانانی گوڵی سوور و جامانە و ئارمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕێگا و ڕێبازی شەهیدانیان بەرز نرخاند.
هەروەها، بە هەڵگرتنی کورتەڤیدئۆییەک، پەیامی درێژەدانی ڕێبازی شەهیدانیان بە کوردستان گەیاند و پەیمانیان نوێ کردەوە، کە هەتا سەر درێژەدەری ڕێبازی پڕسەروەرییان دەبن.
قارەمانانی دێموکرات لە شارەکانی کوردستان، بەردەوام وەفاداریی خۆیان بەرانبەر بە خەباتی ڕزگاریخوازانە و گیانبازانەی پێشمەرگەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەردەبڕن و شوێنی هەنگاوەکانی نەمرانی مێژوو بە گوڵ دەنەخشێنن و ڕێبازیان درێژە پێ دەدەن.