کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان لەگەڵ نەبوونی قوتابخانە بەرەوڕوویە

11:20 - 10 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: لە کوردستانی ڕۆژهەڵات قوتابییان لەگەڵ کێشەی زۆری خوێندن بەرەوڕوون، لە لایەکی دیکەشەوە نەبوونی قوتابخانە هەڕەشەیەکە بۆ سەر داهاتووی منداڵانی کورد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە شاری ورمێ، لە بەخشی ئەنزەلی ئەو شارە، قوتابییان بەهۆی ئەوەیکە قوتابخانەیان نییە، لە مزگەوتدا دەخوێنن.

لە ئێستادا قوتابییان لە گوندی "مێ شک"، لە مزگەوتدا دەخوێنن و قوتابخانەیان نییە.

هاوکات لە گوندی "گومارە لەنگـ"ـی مەریوان، بەهۆی پرتووکاویی قوتابخانە، ئەو قوتابخانەیە داخراوه و ٣٥ قوتابیی سەرەتایی و ناوەندی، چارەنووسیان ناڕوونه.

هاووڵاتییەکی مەریوانی ڕایگەیاند: "ئەو قوتابخانەیە سەرەڕای ئەوەی کە ٣ هەتا ٤ جار نۆژەن کراوەتەوە، بەڵام به‌هۆی ئەوەیکە بە باشی نۆژەن نەکراوەتەوە، داخراوە".

"عەلیوڵڵا یار تورکمەن"، جێگری بەرنامەڕێژی و گەشەی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان، باسی لەوە کردووە: ''لە ناوچە پەراوێزخراوەکاندا قوتابخانەشمان نییە، چ بگات بە مامۆستای قوتابخانە".

هەموو ساڵێک لە مانگی ڕەزبەردا کە قوتابخانەکان دەکرێنەوە، چیرۆکی نەبوونی مامۆستا و قوتابخانە لە ئێران و کوردستاندا دووپات دەبێتەوە و ئەو کێشەیە چارەسەر ناکرێت.

نەبوونی بودجە بۆ بەشی پەروەردە و بارهێنان، خۆی بەشێکە لە کێشەکانی خوێندن.