کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان پشتیوانیی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئەحواز کرد

12:18 - 1 گەلاوێژ 2721

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران لە شارەکانی بۆکان و ئیلام بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت، پشتیوانیی خۆیان لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان کە لە ئەحواز بەڕێوە دەچێت و چەندین شاری گرتووەتەوە، دەربڕی.

ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە بۆکان بە نووسینی دروشمی ''ڕاسان لە کوردستان هاوخەباتە لەگەڵ خوزستان'' پشتیوانیی خۆیان لە خەڵکی خرۆشاوی ئەحواز دەربڕی.

هەروەها ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە شاری ئاودانان سەر بە پارێزگای ئیلام لە شوێنەکانی وەک ''ڕوبەڕووی نیروی هەوایی، ئیدارەی ئاگاهی و سەبت و ئەحواڵ'' بۆ پیشتیوانی لە خەڵکی ئەحواز تراکت و پۆستێریان بڵاو کردەوە.

ئەو چالاکییە دوای ئەوە بوو کە دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی تراکت و دروشمی تایبەت داوای لە خەڵک کرد کە پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی ئەحواز بکەن.

خۆپیشاندانەکان لە شارەکانی ئەحواز بەهۆی بێ ئاوی دەستی پێکرد و لە ٩هەمین ڕۆژی خۆیدا بۆ چەندین شاری دیکە پەرەی سەندووە و هەتا ئێستا چەندین کەس لە خەڵکی ناڕازی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون و دەیان کەسیش بریندار بوونە.