کوردستان میدیا: لەگەڵ هاتنی ١٠ی خاکەلێوە ـ ڕۆژی شەهیدانی کوردستان ـ، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان پەیمان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان نوێ دەکەنەوە.
خەڵکی تێکۆشەر، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری سنە، بە بۆنەی ساڵیادی ڕۆژی لەسێدارەدانی یەکەمین سەرکۆماری کوردستان ـ"پێشەوا قازی محەممەد"ـ، کە وەک ڕۆژی شەهیدان ناودێر کراوە، ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان بەرز کردەوە و پەیامێکیان بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
دەڵێم لاوی دێموکراتم سەرم قوربانی ڕێبازی
هەتا مردن وەفادارم بە حیزبەکەی پێشەوا قازی
ئێمە لاوانی شاری سنە، بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ـ ڕۆژی شەهیدانی کوردستان ـ لەگەڵ ڕێبازی پێشەوای نەمر و هەموو شەهیدانی کوردستان پەیمان نوێ دەکەینەوە و هەتا وەدیهاتنی هەموو ئاواتەکانی نەتەوەکەمان، درێژەدەری ڕێباز و ڕێگای پیرۆزیانین.
بژی سنە
بژی حیزبی دێموکرات
بژی کوردستان
هەروەها ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات و پێشمەرگەکانی شار، لە گوندی کەڵەکینی سەربە شاری پیرانشار، بە بڵاوکردنەوەی پۆستێری تایبەت بە ڕۆژی شەهیدان، ئەم یادەیان بەرز ڕاگرت.