کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٢٦ی خەرمانان، ساڵڕۆژی شەهیدکرانی دوکتور و شەرەفکەندی بە دەستی تێرۆریستانی ڕێژیمی ئێران چالاکیی جۆراوجۆری تەبلیغیی بەڕێوە دەبەن.
ورمێ
تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاری ورمی بە بۆنەی ٢٦ی خەرمانان لە شاری ورمێ لە شوێنەکانی وەک "زانکۆی پەیامی نوور، شەقامی زانکۆ لە شەهرەکی ئەندیشەی ورمێ، قوتابخانەی دانشڤەران لە شەهرەکی ئیسار، مزگەوتی ئیسار، موشاوری ئەملاکی زیباشەهر، شەقامی زیباشەهر، بەنداوی بەندی ورمێ، شەقامی دوکتور قاسملوو، شەهرەکی وەلی عەسر و کانتینێرەکانی بەسیجییەکان لە وەلی عەسر" وێنە و تراکتی تایبەت بە ٢٦ی خەرمانانیان بڵاو کردووەتەوە.
سەقز
تێکۆشەرانی دێموکرات و دۆستان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شاری سەقز، شەوی ٢٥ی خەرمانان و بەبۆنەی ٢٦مین ساڵڕۆژی شەهیدکرانی دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی لە شاری بێرلینی ئاڵمان بەشێوەیەکی بەربڵاو لە گەڕەکەکانی حەماڵاوای سەروو، عەباساوا، قەرەچیاوا، سەرچەمی وەڵی خان ،گاراجی میرەدێ، گەڕەکی شاناز، شەهرەکی گوڵان، گەڕەکی کەریماوا و پشت مزگەوتی داروسەفا و تەپەی ساڵحاوا زیاتر لە ١٠٠٠ تراکتی تایبەت بەم ڕۆژیان لە نێو ماڵەکاندا بڵاو کردووەتەوە و دیواری زۆربەی ماڵەکانیان بە پووستێری تایبەت ڕازاندۆتەوە.
هەروەها ئۆگرانی ڕێبازی دێموکرات هەر هەمان شەو لە بەرامبەر پاسگای مەلاندەری گوندی کومەرەی پاوە درووشمەکانی وەک "ڕێبازی قاسملوو درێژەی هەیە" و "ڕاسان بەردەوامە"یان نووسیوەتەوە و بەم شێوازە بەڵێنی بەردەوامی هەتاسەر لەگەڵ ڕێبازی شەهیدانیان دووپات کردەوە.
نەغەدە
قارەمانانی دێموکرات لە شاری نەغەدە بۆ پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ ڕێبازی شەهیدانی میکۆنوس چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە بردووە.
ئەو شوێنانەی کە چالاکیی تەبلیغیی تێدا بەڕێوە چووه بریتین لە: "شەقامی پیرانشار، فەلەکەی بەهار، شەقامی شافعیی ٢، مەیدانی سیگار و مزگەوتی "ئەمیر حوسێن" تراکت و پۆستێری تایبەت بەو ڕۆژەیان بڵاو کردووەتەوە.