کوردستان میدیا: بەبۆنەی هاتنی ٢٦ی سەرماوەز، چالاکییە تەبلیغییەکان لە کوردستان درێژەی هەیە و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەپیری ڕۆژی پێشمەرگەوە دەچن.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، له گوندەکانی "شاوانێ، گەرکاشان و سینگان"، سەر بە شاری شنۆ، ئەندامانی نهێنیی حیزبی دێموکرات چالاکیی تەبلیغییان ئەنجام دا.
له قوتابخانەی گوندی "شاوانێ" و "گەرکاشان" ئاڵای ڕێژیمیان هێناوەتە خوارەوە و ئاڵای کوردستانیان هەڵ کردووە.
بهبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز، لە وروودیی گوندی "سینگان"، تێکۆشەرانی دێموکرات ئاڵایەکی گەورەی کوردستانیان هەڵ کرد و لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان پەیمانیان نوێ کردەوە.
هەروەها لە پیرانشار چالاکیی تەبلیغی بەڕێوە چوو و ئەو شوێنانەی چالاکیی تەبلیغییان تێدا کراوە، بریتین لە گوندەکانی "هەبڵەس، ڕکاوێ و کەندەقوڵان".
پێشمەرگەکانی شار لە گەڕەکەکانی "داسەیرانی قەدیم، داسەیران ٢، کەمەربەندی، جاددەی کەمەربەندی، پارکی شنە و تەپەی مووسکـ"ـی مەریوان، یادی ٢٦ی سەرماوەزیان بەرز ڕاگرت.
لەو چالاکییەدا دروشمەکانی وەک: ''پێشمەرگە پێناسەی خەباتی نەتەوەیی، پێشمەرگە هێمای خەباتی شار و شاخ، بژی حیزبی دێموکرات" لەسەر دیوارەکان نووسران.
لە سنەی خوێناوی، قارەمانانی دێموکرات لە شوێنەکانی وەک: "ئیدارەی ڕێگاوبانی سنە، دادگوستەریی گشتیی ڕێژیم لەو شارە، زانکۆی مەزهەبە ئیسلامییەکان، ئیدارەی بێهزیستی، سازمانی تەئمین ئیجتماعیی هیزە چەکدارەکانی ڕێژیم، سپای تێرۆریستی بەیتولموقەدەس و مەیدانە ئەسلییەکانی شار"، چالاکیی تەبلیغییان ئەنجام دا.
لە بانە بۆ پشتیوانی لە پێشمەرگە لە بلوای بانە سەردەشت رووبەرووی زانکۆی پەیامی نووری بانە ئالای کوردستان هەڵکرا.
لە ئەمساڵدا و لە ساڵیادی ٧٤مین ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، هەتا ئیستاش خەڵک و پێشمەرگە لێک دانەبڕاون و خەڵک بهبۆنەی ٢٦ی سەرماوەزەوە چالاکیی تەبلیغی بەڕێوە دەبەن.