کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان ڕێزی لە کۆمەڵگای پزیشکیی کوردستان گرت

11:48 - 23 خاکەلێوه 2720

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٢ی خاکەلێوە کاتژمێر ١٠ی شەو خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ ڕێزگرتن لە کۆمەڵگای پزیشکیی کوردستان لە شارەکانی کوردستان خولەکێک چەپڵەیان لێدا.

لە شارەکانی وەک: "بۆکان، پیرانشار، سنە، مەهاباد، سەقز، شنۆ، بانە و نەغەدە" خەڵکی کوردستان کاتژمێر ١٠ی شەو بۆ ڕێزگرتن لە کۆمەڵگای پزیشكیی کوردستان چەپڵەیان لێدا.

هاوکات لە گوندەکانی ژاوەرۆی سنه خەڵک بە هەمان شێوە ڕێزیان لە کادری نەخۆشخانەکانی کوردستان گرت.

 دوای ئەوەیکە کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستان بۆ ڕێزگرتن لە زەحمەت و تێکۆشانی کۆمەڵگای پزیشکیی کوردستان و گیان لەدەستدانی ٢ کادری پزیشکی بەهۆی کۆرۆنا؛ داوای لە خەڵکی کوردستان کرد کە ڕۆژی هەینی کاتژمێر ١٠ی شەو چەپڵە بۆ پزیشکەکانی کوردستان لێدەن؛ خەڵک بەپیریی ئەو داواکارییەوە چوون.

کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستان بۆ بەڕێوەبردنی ئەو حەرکەتە مەدەنییە کەمپەینێکی لە ژێر ناوی "پێشمەرگانی سپی‌پۆش، قەت ناکرێن فەرامۆش" پێک هێنا.

بۆ پشتیوانی لە داواکارییەکی کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستان، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانیش لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای لە خەڵک کرد، پەیوەست بەو کەمپەینەوە بن.

ئەو داواکارییە لەلایەن خەڵکەوە  پێشوازییەکی بێ‌وێنەی لێکرا.