کوردستان میدیا: ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، چالاکیی تەبلیغییان لە چەند شار و ناوچەی دیکەی کوردستان بەڕێوە برد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەری کوردستان میدیا، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە چەند ناوچەی دیکەی کوردستاندا، چالاکیی تەبلیغییان بە بۆنەی نەورۆز و ڕێزگرتن لە ڕۆژی شەهیدان بەڕێوە بردووە.
جامانە لەملانی شار لە شاری شنۆ، بە بڵاوکردنەوە نوقڵ و شیرینی و تراکت و پۆستێری تایبەت بە نەورۆز، کە دروشمگەلێکی وەک "ساڵی نوێتان پیرۆز"، "سالی نوێ، شۆڕشێکی نوێ" ئەو رۆژەیان پیرۆز کرد. ئەو شوێنانەی کە چالاکییان تێدا بەڕێوە چووە، بریتین لە گوندەکانی: "خاڵتاوێ"، "قزناوێ"، "نرزێوە"، "قرۆشاوێ" و بەشێک لە شاریش.
هەروەها شۆڕشگێڕانی دێموکرات، لە گوندی خوراسانی سەر بە ناوچەی گەڕووس، چالاکیی تەبلیغییان، بە بۆنەی ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە بەڕێوە بردووە و بەو بۆنەوە ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان هەڵداوە.
هەر لەم پێوەندییەدا، پێشمەرگەکانی شار لە سەردۆشی کۆڵنەدەر، پیرۆزباییی نەورۆزیان کردووە و پەیمانیان لەگەڵ پێشمەرگە نوێ کردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە، بە گرتنی لاوەکانیان دەست لە خەبات و تێکۆشان هەڵناگرن و هەروەها پەیمانیان لەگەڵ ڕێبازی پڕسەروەریی شەهیدان نوێ کردووەتەوە.