کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان ٢٥ی گەلاوێژ بەرز ڕادەگرێت

12:53 - 23 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: تێکۆشەرانی دێموکرات لە شار و گوندەکانی کوردستان، بە بۆنەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، چالاکیی تەبلیغی بەڕێوە دەبەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ، ٧٤ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شار و ناوچەکانی کوردستان لە لایەن ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات، چالاکیی بەرینی تەبلیغی بەڕێوە چوو.

قارەمانانی دێموکرات لە شاری مەریوان، بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت لە شوێنەکانی وەک: ''فەلەکەی مامۆستا ناری، چوارڕێیانی نەخۆشخانەی بووعەلی، فەلەکەی دارایی، قوتابخانەی کوڕانه‌ی ئیقباڵ لاهووری، فه‌له‌که‌ی ئیستادیۆم، گەڕەکی موسک، گەڕەکی میانەییەکان، گەڕەکی مەردۆخ و گەڕەکی تێرمیناڵی قەدیم"، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

هەر بەم بۆنەوە، ئەندامانی تێکۆشەری حیزبی دێموکرات لە گوندی ''نزاز''ی سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، دیوارەکانی ئەم شوێنەیان بە نووسینی دروشمی: "پیرۆزبێت ٢٥ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕاسان بەردەوامە"، ڕازاندەوە.

هاوکات، ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە گوندی ''دادانە کەمانگەر''، سەر بە ناوچەی کەڵاتەرزان لە نێوان شاری سنە و مەریوان، بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، بەرەو پیریی ٢٥ی گەلاوێژەوە چوون.

لە درێژەی ئەم چالاکییانەدا، قارەمانانی دێموکرات لە شاری شنۆ و لەسەر تابلۆی گوندەکانی: "دێ شەمس، پردئاوێ، سەوجە، کۆنە قەڵا، گوندە وێڵە، حەسەن نووران، چەشمە گۆل و بێژاوێ"، تراکت و پۆستێری تایبەت بە ٢٥ی گەلاوێژیان بڵاو کردەوە.

هەر بەم بۆنەوە، ڕۆڵەکانی قارەمان و بەجەرگی دێموکرات لە شاری سنە و لە گەڕەکەکانی: "وەکێڵ، چوارباغ و کوچە ڕێزان"، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

هەروەها، ئەندامانی دڵسۆزی حیزبی دێموکرات لە شاری مەهاباد، بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ، ٧٤ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

ئەو شوێنانەی کە لە شاری مەهاباد چالاکیی تێدا بەڕێوە چووە، بریتین لە: "مەیدانی ئیستقلال، مەیدانی حەسەنزادە و کۆڵانەکانی دەوروبەری، ٦٠ دەزگا، پارکی شەهەرەکی کارمەندان، شەقامی زانکۆی پەیامی نوور، پارکی مکائیل، زەمینەکانی شارەداری، شەقامی تێرمیناڵی گەورە، ئازادەگان، شەقامی سەرداران، گڵکۆی هونەرمەندان، پارکی پەرستار، بەری شیلانان و بەری مەدرەسە".

هاوکات ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی دێموکرات لە شاری مەهاباد، لە گوندەکانی: "کۆسە کەرێز، خانەگێ، بەیتاس" و سێرای گوندەکانی: "حاجی مامیان، هەمزاوا، سێلم ساغوڵ، کەرێزەی شێخان"، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

ئەندامانی چاونەترسی دێموکرات لە شاری میاندواو، لە شوێنەکانی وەک: "کەمەربەندیی شار، فەلەکەی عاشورا، سەرەتای جاددەی سایین قەڵا، نەسیرکەندی و شارۆچکەی بارۆق"، بە ئەنجامدانی چالاکیی تەبلیغی، ٧٤ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان بەرز ڕاگرت.

قارەمانانی دێموکرات لە شاری پیرانشار، بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ، لە شوێنەکانی وەک: "شەقامی ئیسارگەران، شەقامی بەهێشتی، چەمەنی فووتباڵ، دەبیرستانی ٩ی دەی، نوقتەی ئا، فەلەکەی هواشناسی، پارکی نیلوفەر، تەپەی نەورۆز، پارکی خەیام، تێرمیناڵی شار و قوتابخانەی ئەحمەدی ڕەوشەن"، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

هەر بەم بۆنەوە، ڕۆڵەکانی ئازا و بەجەرگی دێموکرات لە شاری ورمێ، لە شوێنەکانی وەک: "شەقامی باڵاتەپەی ئیسلام ئاباد، شەقامەکانی دەوروبەری کوشتارگا و قوتابخانەکانی لەیلا و تەقوا"، بە شێوەیەکی بەرین چالاکیی تەبلیغییان ئەنجام دا.

 هەر لەو پەیوەندییەدا، تێکۆشەرانی دێموکرات لەنێو شاری کامیاران، بە بۆنەی بەرزڕاگرتنی یادی ٧٤ ساڵەی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.