کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان یادی شەهیدانی ڤییەنی بەرز ڕاگرت

18:18 - 23 پووشپەڕ 2721

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ساڵڕۆژی شەهیدکرانی ڕێبەری بلیمەت و ناوداری گەلی کورد دوکتور ''عەبدولڕەحمان قاسموو'' و هاوڕێیانی، لە شار و ناوچە جیاجیاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە بەڕێوەبردنی چالاکیی بەربڵاوی تەبلیغی، یاد و ناوی دوکتور قاسملوویان بەرز ڕاگرت و بەڵێنییان دا کە تا دواهەناسە درێژەدەری ڕێبازی شەهیدان بن.

ڕێکەوتی ٢٢ لەسەر ٢٣ی پووشپەڕ ڕۆڵە بەجەرگەکانی دێموکرات لە شاری سەقز، بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەر ٣٢هەمین ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی ناجوانمێرانەی ڕێبەری ناودار و بلیمەتی کورد دوکتور ''قاسملوو''ی نەمر چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

ئەو شوێنانەی کە چالاکیی تێدا بەڕێوە چووە بریتین لە: ''تازاوا، حەماڵاوای ژووروو و حەماڵاوای خواروو، شارۆچکەی کوردستان و شارۆچکەی زاگرۆس، شارۆچکەی ئەنساری، شارۆچکەی موکریان، عەباس ئاوا، سەر چەم، مزگەوتی ئەمین، کتێبخانەی خاتوو ژیلا حسەینی، قوتابخانەی ئازادگان و شەقامی حەمامی سەعدی، شەقامی ڕوودەکی، بلواری حافز، بلواری شافعی و ٣٢ متری و حاجیاوا و گوندی مەلقەرەنی''.

هەروەها قارەمانانی دێموکرات لە شارۆچکەی ساحیب سەر بە شاری سەقز لە کێوی کونە ورچ، دەوروبەری قەڵای ساحیب، شەقامی بەسیج، بلواری ئیمام، سەری چوارڕا و مزگەوتی جامیعەی ساحیب بەو بۆنەوە چالاکیی بەرینی تەبلیغییان ئەنجام دا.

هاوکات ئەندامانی تێکوشەری حیزبی دێموکرات لە شاری مەهاباد لە گەڕەکەکانی: ''تەپەی قازی، شەهەرەک، بەهارستان، فەجر، مەلاجامی، کۆڵانەکانی جامی جەم، ئێران پەیما و قوتابخانەی نەبووەت'' بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت بە ٢٢ی پووشپەڕ چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد و یادی دوکتور قاسملوویان بەرز ڕاگرت.

هەروەها لە گوندەکانی'' کۆسە کەرێز، گردیاقوب، کۆنەدێ، داشخانە و قەرەشلاخ'' سەر بە شاری مەهاباد ئەندامانی دڵسۆزی حیزبی دێموکرات بە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغی یادی پێغەمبەری ئاشتییان بەرز ڕاگرت.

هەر بەو بۆنەوە لە شاری پیرانشار لە گوندەکانی ''گرڕەحمەت ، بێکۆس، هەنگەوێ، گڕشەیتان'' بە نووسینی دروشم و بڵاوکردنەوەی وێنەی دوکتور قاسملوو یادی ئەو ڕێبەرە نەمرەیان بەرز ڕاگرت.

ئه‌ندامانی‌ دڵسۆز و تێکۆشەری حیزبی دێموکرات له‌ شاری‌ شنۆ له‌ شه‌قامی‌''كاریگه‌ر، کۆڵانەکانی ئەمیرئاباد، گاوداران، مەدرەسەکانی حاج مستەفا تەنھا، مەدرەسەی کوڕانەی ئەمیرئاباد'' یاد و ڕێبازی‌ دوكتور قاسملوویان به‌رز ڕاگرت.

هەر بەو بۆنەوە تێکۆشەرانی دێموکرات لە سەرشیوی مەریوان لە گوندەکانی ''تۆراخ تەپە، گۆگجە، ڕێگای نێوان قەمچیان بۆ تۆراخ تەپە و سێ ڕەوان'' تراکت و پۆستێری تایبەت بە ٢٢ی پووشپەڕیان بڵاو کردووەتەوە.

هاوکات لە دەوروبەری گوندەکانی ''بست و شاقەڵا'' سەر بە شاری دیواندەرە یادی ٢٢ی پووشپەڕ بەرز ڕاگیرا.

ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە ورمێ لە گوندی ''سیدان'' سەر بە ناوچەی سۆمای برادۆست بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و نووسینی دروشم یادی دوکتور قاسملوویان بەرز ڕاگرت.

لە شاری سەلاسی باوەجانی لە ''شارەکی سپا خوارەوەی پایگای بەسیج''، تێکۆشەرانی حیزب بە نووسینی دروشم یادی ڕێبەری مەزن دوکتور قاسملوویان بەرز ڕاگرت. 

هەروەها لاوانی هاوشار لە پەیامێکدا لەگەڵ ڕێبازی قاسملوو پەیمانیان نوێ کردەوە.

هەر بەو بۆنەوە لاوانی ''سایین قەڵا'' لە پەیامێکدا پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ ڕێبازی قاسملوو نوێ کردەوە.

ڕۆژی‌ ٢٢ی‌ پووشپه‌ڕ پێشمه‌رگه‌كانی‌ شار له‌ سنه‌ په‌یامێكی‌ ڤیدیۆییان به‌بۆنه‌ی‌ ساڵڕۆژی‌ شه‌هیدبوونی‌ دوكتور قاسملوو بڵاو كرده‌وه‌ کە تێدا هاتبوو: "بۆ جارێكی‌ دیكه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئارمان و ئامانجەکانی دوكتور قاسملوو و ڕێبه‌رایه‌تیی‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران په‌یمانی‌ وه‌فاداری‌ ده‌به‌ستین".

هەر بەو بۆنەوە لە گوندی ''نێ'' سەر بە مەریوان ئەندامانی حیزبی دێموکرات بە نووسینی دروشم لەسەر درێژەپێدانی ڕێبازی قاسملوو پێداگرییان کردەوە.

هەروەها لە مەریوان قارەمانانی دێموکرات بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد و یادی دوکتور قاسملوویان بەرز ڕاگرت.

لە شاری بانە لە ساڵڕۆژی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوودا تیکۆشەرانی دێموکرات بۆ بەرزنرخاندی یادی ئەوە ڕێبەرە نەمرە تراکت و پۆستێری تایبەتیان بڵاو کردەوە.