کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان یەکدەنگ وتی "نا"

15:03 - 21 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەپیری بانگەوازی حیزبەکانەوە هاتن و دژی تەواوییەتی کۆماری تاوان و جینایەت هەڵوێستیان گرت و بە بێدەنگی خۆیان "نا"یەکی قایمیان دا بە گوێی ملهۆڕانی تاران.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران لاپەڕەیەکی دیکەی پڕ لە شانازییان بۆ خۆیان تۆمار کرد کە نەسڵەکانی دواتر بە شانازییەوە باسی لێوە دەکەن؛ لە شارەکانی بۆکان، سنە، سەقز، بانە، پاوە، نەغەدە، شنۆ، پیرانشار، مەریوان، کرماشان، و مەهاباد و چەندین شار و شارۆچکەی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان، وەکوو ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە بۆردوومانکردنی بارەگاکانی حیزبی دێموکرات لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێران و هەروەها لەسێدارەدانی لاوانی کورد، دووکاندار و کاسبکاران مانیان گرت. 

ئەم مانگرتنە سەرتاسەرییە سەرباری بوونی کەشی تەواو پۆلیسی و ئەمنیەتی و هەڕەشە و گوڕەشە و چاوسوورکردنەوەکانی ڕێژیمی داپڵۆسینەر بوو بەڵام ئیرادەی لەشکان‌نەهاتووی گەل بەچۆکیدا هێنان و بە کردەوە سەلماندیان کە کورد باوەڕی بە سیستمی زاڵ بە سەر ئێراندا نییە.

هەرچەند کە شەوانی ڕابردوو لە هەندێک شاری کوردستاندا ڕێژیم بەهۆی ترسی لە بەڕێوەچوونی مانگرتن کۆمەلێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی کوردستانی بانگهێشت و تەنانەت دەسبەسەر کرد بەڵام خەڵک بریاری یەکلاکەرەوەی خۆیان دا و بەپیر بانگەوازی حیزبەکانیانەوە هاتن و کردەوە دژەمرۆڤانەکانی کۆماری ئیسلامییان مەحکووم کرد.