کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستانی ڕۆژئاوا ناوچەی ئەمن ڕەت دەکاتەوە

10:10 - 18 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسان و حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا دژی دروستکردنی ناوچەی ئەمن و ڕێککەوتنامەی "ئادانا"ن و کردەوەی دەوڵەتی تورکیە وەک داگیرکاری لە سووریە دەزانن.

سەرچاوە هەواڵدەرییەکانی ڕۆژئاوا بڵاویان کردووەتەوە کە "ئەحمەد ئەلجربا" سەرۆکی حیزبی "ڕەوتی داهاتوو" پێشنیاری بە سێ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تورکیە و ئامریکا داوە کە نزیک ١٠ هەزار چەکداری عەرەب و کورد لە ناوچەیەکی ئەمنییەتی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریە جێگیر بکەن.

ئەو پێشنیارەی ئەلجربا پشتیوانی لێ کراوە و بەشێکی زۆر لە ‌هێزی پێشمەرگە لەخۆ دەگرێت کە لە کوردستان ڕاهێنانیان پێ کراوە.

تورکیەش داوای کردووە پە.یە.دە (PYD) دەبێ چەک دابنێت و ئامریکاش پشتیوانی لێ نەکات.

ئەگەرچی "ئەحمەد ئەلجربا" پێشنیارێکی لەم چەشنەی بە سێ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تورکیە و ئامریکا داوە، بەڵام "ساڵح موسلیم" هاوسەرۆکی پێشووی پە.یە.دە هۆشداری داوە کە هەرچەشنە ڕێگەدان بە تورکیە بە مانای ئەوە دێت کە ئیزن بە تورکیە دەدرێت کوردستانی ڕۆژئاوا داگیر بکات.

هەروەها "ئیلهام ئەحمەد" هاوسەرۆكی ئەنجوومەنی سووریەی دێموكراتیش باسی لەوە کردووە کە دەستێوەردانی تورکیە لە کوردستانی ڕۆژئاوادا قەبووڵ ناکرێت.

پرسی کورد لە کوردستانی ڕۆژئاوا هەتا ئێستا چارەسەر نەبووە و تورکیە، ئامریکا بەوە تاوانبار دەکات کە پشتیوانی لە کوردەکان دەکات هەتا لە نیشتمانی خۆیان خاوەن دەسەڵات بن. هەتا ئێستا ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیە بە فەرمی ڕایگەیاندووە کە دژی دروستبوونی حکوومەتی کوردییە.