کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستانی ڕۆژهەڵات لەگەڵ کۆرۆنا دەست و پەنجە نەرم دەکات

11:51 - 26 خەزەڵوەر 2720

لە سەرجەم شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەهۆی نەخۆشیی کۆرۆنا دۆخی شارەکان هەتا ئاستێک قەیرانی بووەتەوە کە خودی کاربەدەستانی ناوەندە تەندروستییەکانی ڕێژیمی ئێران ناڕەزایەتی دەردەبڕن.

لە پارێزگای ورمێ ڕێژەی تووشبووان و قوربانییان بە کۆرۆنا هەتا ئاستێک بەرز بووەتەوە کە هاتوچۆ بۆ شارەکانی ئەو پارێزگایە قەدەغە ڕاگەیەندراوە.

بەهۆی کۆرۆناوە ئیدارەکانی ئەو پارێزگایە داخراون و بڕیارە هەتا سەرەتای مانگ هیچ ئیدارەیەک بە شێوەی ئاسایی کار نەکات.

لە شارەکانی نەغەدە، میاندواو، سەڵماس، پیرانشار و بۆکان بەهۆی ئەوەیکە دۆخی ئەو شارانە زۆر مەترسیدارە سەرجەم پیشەکان داخراون.

لە کرماشان بەهۆی کۆرۆناوە دۆخی ئەو شارە بە ڕەش وەسف دەکەن. لە هەر کاتژمێرێکدا یەک کەس لە کرماشان بە کۆرۆنا گیانی لەدەست دەدا. لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا، ٢٤ کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەست داوە.

لە پارێزگای ئیلام "عبادوڵڵا فەلاحی" سەرۆکی ڕێکخراوی نیزامی پزشکیی ئیلام داوای کردووە "پارێزگاکە دابخەن". ناوبراو باسی لەوە کردووە هیچ کام لە پەسندکراوەکان بۆ پێشگرتن لە کۆرۆنا وڵامدەر نەبووە و ئەگەری هەیە کارەساتێکی مرۆیی لەو پارێزگایە ڕوو بدات.

لە پارێزگای سنە کاربەدەستانی ڕێژیم وتوویانە، دۆخەکە قەیرانییە و پێویستە هەموومان پێکەوە کار بکەین. لەو پارێزگایە چوار شاری سەقز، سنە، قوروە و مەریوان گەیشتوونەتە ئاستێکی زۆر قەیرانی.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران و لە سەرووی هەموویانەوە "حەسەن ڕووحانی" سەرکۆماری ڕێژیم کە وەرزی بەهار باسی لەوە کرد کۆرۆنا نەماوە، ئێستا ئاگاداریی بڵاو کردووەتەوە کە لە سەرەتای مانگی سەرماوەزەوە سەرجەم پارێزگاکان دەخرێنە دابڕگەوە.