کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستانی ئێران/ درێژەی خۆپیشاندانی هاووڵاتییان و پەرچەکردارەکانی رێژیمی ئیسلامی

20:44 - 18 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: هاووڵاتییانی کوردی خەڵکی شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستانی ئێران، بە خۆپیشاندان لە شەقام و مەیدانە سەرەکییەکاندا، پشتیوانیی خۆیان لە کۆبانێ دووپات کردەوە و تیرۆریزم و کردەوەکانی داعشیان مەحکووم کرد و رێژیمی ئێرانیش لەهەوڵی کۆتایی‌پێهێنانی خۆپیشاندانەکان دایە.

به پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ١٥ی رەزبەری ساڵی١٣٩٣ی هەتاوییەوە، خۆپیشاندان و گردبوونەوەی هاووڵاتییانی کوردی کوردستانی ئێران بەمەبەستی پشتیوانی لە کۆبانێ لە شاری مەهابادەوە دەستی پێکرد.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە هێزە ئینتیزامی و ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە هەموو شێوەیەک لەهەوڵی ئەوەدان کە ئەو خۆپێشاندانە هێمنانەی هاووڵاتییانی کوردستانی ئێران بە توندوتیژی بکێشن و لەو راستایەدا چەندین خۆپیشاندانیان بە نیوەچڵی و بە زۆرەملێ کۆتایی پێ هێناوە.

هەر لەوپێوەندییەدا، چەندین راپۆرت لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستانی ئێرانەوە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەییشتووە کە تێیایدا باس لە دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد لە خۆپیشاندانەکان و هەروەها هەڵگرتنی گرتەی ڤیدیۆیی لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئێرانەوە کراوە.
بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان هێزە ئەمنییەتی و نیزامییەکانی رێژیمی ئێران خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی کورد لە مەریوانیان بە توندوتیژی کێشاوە و لانیکەم ٣٧ کەسیان دەستبەسەر و زۆرتر لە ١٠ کەسی دیکەش بە هۆی تێهەڵچوون لەگەڵ هێزەکانی رێژیم بریندار بوون.

بە پێی راپۆرتی کوردستان میدیا، ٣٥ کەس لە دەستبەسەرکراوەکان دوای چەند کاتژمیر ئازاد کراون و خەڵکی مەریوان لە رێپێوانی رۆژی هەینیدا داوای ئازاد کردنی ئەو دو وهاوڵاتییەیان کردووە.

لەشاری بۆکانیش ١٠ کەس دەستبەسەر کرابوون و بۆ ماوەی جەند کاتتژمیر لە دەستبەسەریدا بوون و دواتر بە مەرجی ئەوەی کە هەتا یەک حەفتە لە ماڵەوە نەیەنە دەرەوە ئازاد کرابوون

هەروەها لەشاری تارانیش دوو کەس لە خۆپێشاندەرانی کورد بەناوەکانی ئاسۆ روستەمی و عەلی نووری لەلایەن هیزە ئینتزامییەکانەوە دەستبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە.

هەر لەو پێوەندییەدا، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری رەبەت بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند کە لە خۆپیشاندانی ئەو شارەشدا کە بە زۆرەمڵێ لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە کۆتایی پێ هێنراوە، چەندین هاووڵاتیی کورد دەستبەسەر کراون و هەروەها بەهۆی هەڵگرتنی فیلم لە خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە لیباس‌شەخسییەکانی رێژیمەوە، وێدەچێت کە دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییان روو لە زیادبوون بکات.

رێژیمی ئیسلامی بەهۆی پێشوازیی بەرچاوی خەڵکی کوردستانی ئێران لە خۆپیشاندانەکانی پشتیوانی لە کۆبانێ، هێزێکی نیزامی و ئەمنیەتیی زۆری رژاندووتەوە شەقام و کۆڵانی شارەکانی کوردستان و زۆربەی شارەکانی میلیتاریزە کردووە.

بە پێی ئەو راپۆرتانەی بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەییشتوون، لە شارەکانی، تاران، ئورمیە، سەردەشت، سنە، کامیاران، مەریوان، بانه، سەقز، بۆکان، مەهاباد، رەبەت، کرماشان، پاوە و جوانڕۆ، روانسەر، دێولان،دیواندەرە، کامیاران و... هاوولاتییانی کورد لە خۆپیشاندان لە دژی تیرۆریزم و پشتیوانی لە کۆبانێ بەشدراییەکی بەرچاویان هەبووە.

هاووڵاتییانی کوردستانی ئێران بە بەڕێوەبردنی رێپێوان و خۆپیشاندان و بە دروشمی هەتا کوردێک بمێنێ، کۆبانێ هەر دەمێنێ و بژی کۆبانێ پاڵپشتی و پشتیوانی خۆیان لە خەڵکی کۆبانێ دەربڕی.
لە زانکۆکانی ئیرانیش خوێندکارانی کورد بەو بۆنەوە چالاکی جۆراوجۆریان بەڕێوە بردووە و دەستیان داوەتە مانگرتن. خوێندکارانی کورد لە زانکۆکانی تەورێز، بوعەلی هەمەدان و زانکۆی شیراز بەو بۆنەیەوە چالاکییان بەڕێوە برد.

لەلایەکی دیکەوە لەرۆژانی پێنجشەممە و هەینی دەیان هەزار کەس لە زۆربەی شارەکانی کوردستان هاتوونەتە سەر شەقام و دروشمی بژی پێشمەرگە، بژی کوردستان و بژی کۆبانێیان وتووەتەوە.
هەروەها بە پێی ئەو راپۆرتانەی بڵاو بوونەتەوە، زۆربەی زیندانیانی سیاسیی کورد لە زیندانەکانی رێژیمی ئیسلامیدا بە دەرکردنی بەیانییە لە خەڵکی کۆبانێ پشتیوانییان کردووە.

مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسیی کورد لە ٨ زیندانی رێژیمی ئێران شێوەیەکی‌تری پشتیوانی ئەو زیندانییانەیە لە خەڵکی کۆبانی.

بە پێی راپۆرتەکان، زیندانییانی سیاسیی کورد لە زیندانەکانی سنە،یەزد، بەندەرعەباس، بەندەر لەنگە، ئورمیە، زاهیدان، میناب، قوروە و رەجایی‌شار بە شێوەیەکی سیمبولیک و بە مانگرتن لە خواردن پشتیوانی خپۆیان لە کۆبانێ دەربڕی.

لەو پێوەندییەدا، محەممەد سدیق کەبوودوەند، سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان لە پەیامێکدا لە زیندانی ئێڤینەوە داوای لە کۆمەڵگای جیهانی کردبوو کە بە هەموو تواناوە پێش بە ئەو کارەساتەی لە کۆبانێ روو دەدات بگرێت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران رۆژی چوارشەممە مانگی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕێ زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران هاوكات لەگەڵ ئەوەی کە داوای لە كۆمەڵگای جیهانی کردبوو كە بە خێرایی بە هانای خەڵكی کوبانییەوە بچن، لە خەڵكی ماف‌ویست ‌و مافخوازی كوردستانی ئێران داوای کردبوو کە هەروەك لە رابردودا یارمەتێدەری بەشەكانی كوردستان بوون لە كاتی لێقەوماندا، ئەمجارەش بە هەڵوێستێكی نەتەوەیی لە رێگای گونجاو ناڕەزایەتی خۆتان بەرامبەر بەو سەركوتە دەرببڕن ‌و پشتیوانی لە داخوازی خەڵكی كۆبانی ‌بكەن\'\'.