
ناوچەی نۆزدەی شارەداریی تاران ٣٧ کورەخانەی خشتبڕیی لێیە کە ئێستا کار ناکەن و بەشێک لە پەراوێزنشینەکان بەهۆی هەژارییەوە لەو شوێنەدا نیشتەجێ بوونە و لە دۆخێکی خراپدا ژیان دەکەن.
هاوکات لەگەڵ زیادبوونی نرخی کرێ خانوو و هاتنەخوارەوەی ڕێژەی حەقدەست و توانای کڕینی مووچەبگیران، کرێنشینەکان توانای ئەوەیان نییە کرێ خانوو بدەن، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەیکە ڕێژەی پەراوێزنشینان بەرەو زیادبوون بچێت.
ناوچەکانی "نێعمەت ئاباد، دەوڵەتخا و ئیسماعیل ئاباد" لە ناوچە پەراوێزنشینەکانی تاران دێنە ئەژمار کە زۆرترین کورەخانەکانی لێ هەڵکەوتووە.
کرێکارانی ئەفغانی، شارەدارییەکان و دەستفرۆشەکان، زۆرترین ڕێژەی دانیشووانی ئەو ناوچانە پێک دێنن.
منداڵان لەو ناوچانەدا لە دۆخێکی خراپدا ژیان دەکەن و لە هەبوونی خۆراکی گونجاو، تەندروستی و خوێندن بێبەشن.