کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کورەی باشوور چەند میلیارد دۆلار داراییی ڕێژیمی ئێرانی ڕاگرتووە

12:23 - 21 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: بە هۆکاری گەمارۆوەکانی سەر ڕێژیمی ئێران، کورەی باشوور، بڕی ٨ میلیارد دۆلار، دارایی ئەو ڕێژیمەی لەو ڕاگرتووە و ئەمەش ناڕەزایەتی بەرپرسانی ڕێژیمی لێ کەوتووەتەوە.

ڕێژیمی ئێران و کورەی باشوور، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، پەیوەندییەکی بازرگانی و ئابووریی بەهێزیان پێکەوە هەبووە و کورەی باشوور بە یەکێک لە کڕیارانی سەرەکیی نەوتی ڕێژیم هەژمار دەکرا، بەم هۆکارەشەوە پێوەندییەکی دۆستانەی زۆر نزیکیان پێکەوە هەبووە، بەڵام پاش گەمارۆوەکانی سەر ڕێژیمی ئێران لە لایەن ئامریکاوە، کورەی باشوور ناچار بوو کە گوێڕایەڵ و پێبەندی یاسای گەمارۆوەکان بێت و واز لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕێژیمی ئیران بهێنێت.

لەم بارەوە، کورەی باشوور بە هۆکاری گەمارۆوەکانی سەر ڕێژیمی ئێران و تێپەڕبوونی قۆناغی دووهەمی ئەو گەمارۆیانەش، بڕی ٨ میلیارد دۆلار لە دارایی و داهاتی ئەو ڕێژیمەی لەو وڵاتە ڕاگرتووە و ئەمەش تووڕەیی و ناڕەزایەتیی بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕێژیمی لێ کەوتووەتەوە.

لەم پەیوەندییەدا، "ڕوحوڵڵا جومعەیی"، ڕاوێژکاری وەزیری نێوخۆی ڕێژیمی ئێران، لە لاپەڕەی تویتێری خۆی و لە تویتێکدا، نووسیویەتی: "کورەی باشوور نزیک بە ٨ میلیارد دۆلار دارایی و داهاتی ئێرانییەکانی ڕاگرتووە، ئەگەر ئەمە ملهوڕی و بێڕێزی بە خەڵکی ئێران نییە، ئەو کردەوە و هەڵسوکەوتەی کورەی باشوور چون هەڵدەسەنگێندرێت"؟

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم، لەو تویتە چەواشەکارانەیەیدا بە شێوەیەک دواوە، کە کورەی باشوور بێڕێزی بە خەڵکی ئێران کردووە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو شێوە کردەوانە بەرانبەر بە داهات و داراییەکانی وڵاتی ئێران کە ڕێژیم دەستی بەسەردا گرتووە، وڵامی بێڕێزییەکانی ڕێژیمی ئێران بە خەڵکی وڵاتی ئێرانە.

کورەی باشوور، لە ساڵی ١٣٩٠ هەتاویدا و لە سەرەتای قۆناغی یەکەمی گەمارۆوەکانی سەر ڕێژیمی ئێران، زیاتر لە چوار میلیارد دۆلاری ئەو ڕێژیمەی لەو وڵاتە ڕاگرتووە، کە بەگشتی لە ئێستادا زیاتر لە ١٢ میلیارد دۆلار داراییی ڕێژیمی ئێران لە کورەی باشوور ڕاگیراوە، کە لە ڕاستیدا پارەی خەڵکانی ئێرانە، ڕێژیم دەستی بەسەردا گرتووە و بازرگانی پێوە کردووە.