کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوشتنی خەڵکی ناڕازی لەلایەن ڕێژیمەوە، کاردانەوەی وڵاتانی لێکەوتەوە

11:51 - 29 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی بەربڵاوی خەڵکی کوردستان و ئێران دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، چەندین وڵات و دامەزراوەی مافی مرۆیی لەهەمبەر کوشتنی خەڵکی ناڕازی لەلایەن ڕێژیمەوە، نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە.

''ئان لیندە'' وەزیری دەرەوەی سوئید، ڕۆژی چوارشەممە، نیسبەت بە توندوتیژییەکان دژی خۆپیشاندەران لە ئێران، هەڵوێستی نیشان دا و ئاماری کوژراوانی بە ''تۆقێنەر'' وەسف کرد.

ناوبراو لە تویتێکدا نووسیویەتی: ''هیچ شتێک ناتوانێت بۆ ئەم توندوتیژییانە پاساوهێنەر بێت''.

''برایان هووک''، نوێنەری تایبەتی ئامریکا لە کاروباری ئێران، باسی لەوە کردووە، ئێمە چەندین ڕاپۆرتمان سەبارەت بە کوژرانی دەیان کەس لە خەڵکی بێتاوان کە لەلایەن ڕێژیمەوە کوژراون، پێگەیشتووە. خامنەیی لە سپای پاسداران بۆ کوشتنی خەڵکی بێتاوان کەڵک وەردەگرێت.

ناوبراو وتی، خامنەیی خەڵکی ئێرانی بە شەڕەنگێز ناو بردووە، خامنەیی بەم وشەیە ڕێژیمەکەی خۆی وەسف کردووە.

هەروەها، وتەبێژی نووسینگەی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی، ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی خەزەڵوەر، لەهەمبەر بەکارهێنانی چەکوچۆلی شەڕ لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دژی خۆپیشاندەران، نیگەرانیی خۆی دەربڕی.

هەروەها وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە پەیامێکدا ڕوو لە خەڵکی ئازادیخوازی ئێران وتوویەتی: "ئیمە دۆستی ئێوەین. ئێوە خەڵکی ئێران لەلایەن ڕێژیمی سەرکوتکەری ئاخوندییەوە بە بارمتە گیراون و ئێوە ئەم ڕێژیمەتان ناوێت. ئەم ڕێژیمە خەڵکی ناڕازی لە ئێران و وڵاتانی ناوچەکە سەرکوت دەکات. ئێمە لەگەڵ ئێوەین".