کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوشتنی لاوێکی تری بەلووچ لە ڕێگای نان

12:29 - 8 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: لاوێکی تری بەلووچستان لە ڕێگای ناندا، لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە تەقەی لێ کرا و گیانی لەدەست دا.

هێشتا سێ ڕۆژ بەسەر کوشتنی لاوێکی بەلووچ لە شاری زاهدان لە لایەن هێزە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمەوە بە بیانوویەکی بێبنەما تێنەپەڕیوە، دوو ڕۆژ دواتر، واتە ڕۆژی دووشەممە، ۶ی جۆزەردان، لاوێکی تری بەلووچ، بە ناوی "ئەکبەر شێخ حوسەینی"، لە سنووری "پسکوە"ی شاری سەراوان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم، بریندار بووە و بە هۆی خوێنڕێژی زۆرەوە گیانی لە دەست داوە.

سەرەڕای بێکاری، دابین نەکردنی هەلی کار لە لایەن حکوومەت، هەژاری، گرانی و قەیرانەکانی نێوخۆییی ئێران، لاوانی نەتەوەکانی کورد و بەلووچ بۆ بژێوی ژیان و ملکەج نەبوون بە ڕێژیم، ڕێگاگەلێکی پڕمەترسی و دژواری سووتەمەنیبەری و کۆڵبەرییان گرتووەتە پێش، کە بەم حاڵەشەوە هێزە تێرۆریستییەکانی ڕێژیم بوونەتە کۆسپ و بەربەستیان بۆ دروست دەکەن و بەبێ هیچ دەستپارێزییەک تەقەی ڕاستەوخۆیان لێ دەکەن.

کوشتنی لاوانی سووتەمەنیبەری بەلووچ، هاوشێوەی کۆڵبەرانی کورد، بووەتە دیاردەیەکی مەترسیداری ڕۆژانە و هێزە سەرکوتکەر و تیرۆریستییەکانی ڕێژیم، بە بڕیاری بەرپرسانی باڵای ئەو ڕێژیمە، لە هیچ هێرشێکی دڕندانە و کوشتنێکی نامرۆڤانە بۆ سەر کاسبکارانی کورد و بەلووچ خۆ نابوێرن و ڕۆژانە لانیکەم لاوێک لە بەلووچستان و لاوێکیش لە کوردستان دەبنە قوربانی ڕێگای نان.

لەم بارەوە، سەرچاوە هەواڵدەرییەکانی بەلووچستان و بەتایبەتی ماڵپەڕی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، ڕایانگەیاندووە، تەرمی ئەکبەر شێخ حوسێنی، کە خەڵکی نێعمەتاوای شاری خاشە بووە، ڕۆژی سێشەممە، ۷ی جۆزەردان دوزراوەتەوە و لە زێدی خۆی بە خاک ئەسپێردراوە.