کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کومپانیا فەڕانسەوییەکان ناتوانن لە ئێراندا بمێننەوە

11:23 - 30 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: وەزیری ئابووریی فەڕانسە ڕایگەیاندووە، کە بە هۆی گەمارۆوەکانی ئامریکا، کومپانیا فەڕانسەوییەکان ناتوانن لەگەڵ ئێراندا بازەرگانی بکەن.

بورنو لۆمێر، وەزیری ئابووری و داراییی فەڕانسە، ڕایگەیاندووە کە بە هۆی گەمارۆوەکانی ئامریکا، ئاڵوێری پوڵ لەگەڵ ئێران لە ڕێگەی بانکە ئوروپایییەکانەوە ناکرێت، چونکە هیچ دامەزراوەیەکی سەربەخۆی ماڵی لە ئورووپا بوونی نییە، هەر بۆیەش ئەو کومپانیا فەڕانسەوییانە کە لە ئێراندا کاری بەرهەمهێنان دەکەن یان بەرهەمەکانیان هەناردەی ئێران دەکرێت، ناتوانن درێژە بە بازەرگانییەکانیان بدەن.

وەزیری ئابووریی فەڕانسە، لە قسەکانیدا باسی لەوە کردووە، کە کومپانیا فەڕانسەوییەکان، بە هۆی زاڵبوونی دۆلار لە بازاڕی جیهانی و بەربەستەکانی ئامریکا لە بەرامبەر بانکە ئوروپایییەکان، ناچارن بازەرگانییەکانیان لەگەڵ ئیران ڕابگرن.

دوای کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام، هەموو ئەو کومپانیانەی کە لە ئێراندا چالاکی دەکەن، ١٨٠ ڕۆژ دەرفەتیان هەیە کە لە ئێراندا بکشێنەوە، هەتاکوو لە لایەن ئامریکاوە گەمارۆ نەخرێتە سەریان.

هەتا ئێستە، دوو کومپانیای گەورەی فەڕانسەویی "پژو سیتروئن" و "تۆتاڵ" بازەرگانییەکانیان لەگەڵ ئێران ڕاگرتووە و بەگشتی لە ئاستی جیهاندا و بەتایبەت وڵاتە ئوروپایییەکانیش کە هێشتا بە ڕێککەوتننامەی بەرجام پێبەندن، لە ئێران کشانەتەوە و زەرەرێکی ئابووریی زۆر وەبەر ئێران کەوتووە.