کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کومیتەی ئاڵمانی حیزبی دێموکرات لە پێنج شار خۆپیشاندانی پشتیوانی لە کەبوودوەندی بەڕێوەبرد

18:52 - 20 جۆزەردان 2716

کوردستان میدیا: کومیتەی ئاڵمانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە مەبەستی پشتیوانی لە داوا ڕەواکانی محەممەد سدیق کەبوودوەند سەرۆکی بەندکراوی ڕێکخراوی مافی مڕۆڤی کوردستان، لە شارەکانی شتووتگارت، هامبورگ، کۆڵن، بێرلین و فرانکفۆرت، وێڕای ژمارەیەکی زۆر لە حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکانی کوردستان و ئێران، خۆپیشاندانی ساز کرد.

ڕۆژی هەینی لە شاری شتووتگارت بە بەشداریی ئەندامانی حیزبی دێموکرات و ڕەوەندی کوردی لەو شارە، خۆپیشاندانی پشتیوانی لە کەبووەند و باقی زیندانیانی سیاسی کورد و نەتەوەکانی ئێران بەڕێوەچوو.
ڕۆژی شەممە ١٦ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی، هاوکات لە شارەکانی هامبورگ، کۆڵن، بێرلین و فرانکفۆرت بۆ پشتیوانی لە کەبوودوەند خۆپیشاندان بەڕێوەچوو و داوای ئازادیی کەبوودوەندیان کرد. لە سەرجەم ئەو خۆپیشاندانانەدا پەیامی کومیتەی حیزبی دێموکرات لە لایەن نوێنەرانی کومیتەوە خوێندرایەوە و لە پەیامەکاندا پێداگری لەسەر پشتیوانیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە داواکانی کەبوودوەند و ئازاد کردنی و هەروەها مەحکووم کردنی پێشێلکارییەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان و ئێران کراوەتەوە و ئەندامانی حیزبیش بە شێوەیەکی چالاک و بەربڵاو لەو خۆپیشاندانەدا بەشدارییان کرد.

لە خۆپیشاندانی شاری هامبورگی ئەڵمان‌دا، شەهریار نەقشبەندی بەرپرسی کومیتەی ئاڵمان وتارێکی پێشکەش کرد. نەقشبەندی لە قسەکانی‌دا ئاماژەی بە دۆخی نالەباری کەبوودوەند کرد و گوتی: کەبوودوەند کە نزیک بە دە ساڵە لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە بێ‌تاوان زیندانی کراوە، لە کۆتایی ماوەی حەپسەکەی‌دا، کۆماری ئیسلامی لە پیلانێکی نوێ‌دا، بە نیازی سەپاندنی حوکمی زیاتر بەسەر کەبوودوەنددایە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەو کردەوە نامرۆڤانەیەی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر کەبوودوەند و سەرجەم زیندانیانی سیاسی و بەتایبەت زیندانیانی سیاسی کورد، مەحکووم دەکات و لە کۆڕ و کۆمەڵە مڕۆڤ دۆستەکان، وڵاتانی ڕۆژئاوا و ناوەندەکانی پاراستنی مافی مڕۆڤ داوا دەکات کە گوشار بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی بۆ ئازادکردنی کەبوودوەند، کۆماری ئیسلامی کە لە پێناو پاراستنی تەمەنی پڕ لە جینایەت و کوشتاری خۆی‌دا،دەستی لە هیچ پێشێلکارییەکی مافی مڕۆڤ نەپاراستووە، لە ئێستادا کۆلەکەکانی لەرزۆک بوون و بەرەو هەڵدێر هەنگاو دەنێ، هەربۆیە پێویستە کە سەرجەم حیزب و ڕێکخراوە ئازادیخوازەکانی کوردستان و ئێران و کۆمەڵانی خەڵک، یەکگرتوو بن، کە بە دڵنیاییەوە ئەو حکوومەتە بە یەکگرتوویی و تەبایی هەمووان سەرئەنجام لەناو دەچێ.

شایانی ئاماژە پێدانە کە هەر لە خۆپیشاندانی شاری هامبورگدا، ئارێز داراپوور بەرپرسی بەشی تەشکیلاتی کومیتە، بە زمانی ئاڵمانی قسەی بۆ خۆپیشاندەران کرد.

15258.jpg

15259.jpg

15260.jpg