کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کومیسیۆنی کۆمەڵایەتیی حیزبی دێموکرات ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

17:12 - 9 خاکەلێوه 2720

کومیسیۆنی کۆمەڵایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان ڕوو لە خەڵکی  کوردستان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

ڕاگەیەندراوی کومیسیۆنی کۆمەڵایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان

خەڵکی تێکۆشەر و ئەمەگناس بەرانبەر بە شەهیدانی کوردستان

بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان.

ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەی هەموو ساڵێک، وەبیرهێنەرەوەی ڕۆژێکی تاڵە لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان‌ لە کوردستانی ڕوژهەڵات. حەفتا و سێ ساڵ بەر لە ئەمڕۆ، بە دوای دادگایەکی گاڵتەجاڕانەی سیستمی دیکتاتۆریی پاشایەتیدا، پێشەوا قازی محەممەد، یەکەمین سەروک کۆماری کوردستان و دوو لە یاوەرانی، سەیفی قازی  و سەدری قازی، حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا. ئەو بڕیارە ناعادڵانەیە لە ڕیکەوتی ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٢٦ی هەتاوی لە بەربەیانییەکی زوو لە مەیدانی چوارچرای شاری مەهاباد بەڕێوە چوو.

ئەو حوکمە بە تاوانی ئەوە درا و بەڕێوەچوو کە کورد لە کوردستانی ئێران لەلایەن حیزبی دێموکرات و بە ڕێبەریی پێشەوا قازی محەممەد، یەکەمین کۆماری نەتەوەیی دێموکراتیکی دامەزراند کە بوو بە خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلی کورددا. سیستمی دیکتاتۆری نەیتوانی تەحەموولی  ئەو ئەزموونە پڕ سەروەرییە بکات،  بە هەموو شێوەیەک کەوتە سەرکوتکردنی و سەرئەنجام بە هاوکاریی کۆمەڵێک فاکتەری نێوخۆیی و نێودەوڵەتی، کۆتایی بەتەمەنی کۆمار هێنا و پێشەوای مەزن سەرۆک کۆمار و ژمارەیەک لە کاربەدەستە باڵاکانی کۆماری لەسێدارە دان.  لە بیرەوەریی ئەم ڕۆژەدا کە وەک ڕۆژی  شەهیدانی کوردستان ناودێر کراوە، سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی پێشەوای مەزن و سەرجەم شەهیدانی کوردستان و سەری ڕێز و نەوازش  بەرامبەر بە گیانفیدایی و ئامانج و ئارزووەکانیان دادەنوێنین و لەگەڵ گیانی پاکیان پەیمان نوێ دەکەینەوە کە تا وەدەستهێنانەوەی دەستکەوتەکانی کۆمار لە خەبات نەوەستین.

خۆشەویستان!

١٠ی خاکەلێوە ڕۆژێکی  گرنگە لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان. ئەگەرچی بۆنەیەکی خەماوەیە و هەموومان سەرەڕای تێپەڕینی چەندین دەیە، هێشتا بەو سەرەنجامە دڵهەژێنە داخدار و خەمبارین، بەڵام کاتێک سەیری کاریگەرییەکانی ئەم مەرگە سەربەرزانەیە دەکەینەوە کە تا هەنووکەش لەسەر دڵ و دەروونی تاکی کوردی بەجێ هێشتووە، تێدەگەین کە دەبێ بە شێوازێکی تەواو جیاوازهەڵیسەنگێنین.

ئەگەردامەزراندنی کۆماری کوردستان خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگ بوو لە مێژووی گەلەکەمان، زۆر بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین پرۆسەی هەنگاونان بەرەو مەرگی پێشەوای مەزنیش، خاڵێکی وەرچەرخانی دیکەیە لەو مێژووەدا. وەرچەرخانێک کە دەریخست خەبات لە پێناو ئازادی و سەرفرازی و شکۆمەندیدا نرخی دەوێت.

ئەو وانەیە کە لە مێژووی مرۆڤایەتییەوە فێری بووین و ئازادیخوازانی ڕاستەقینەی  کوردستانیش بەوپەڕی سەخاوەتەوە، بە فیداکردنی گیانی بەنرخیان، وەک بەهایەکی باڵا لەنێو بیرو هزری تاکی کورددا، چاندوویانە. ئەوان زور بە باشی دەیانزانی مرۆڤ بە ئازادی خولقیندراوە و بە ئازادیش دەبێ بژی، چی دیکە ڕازی نەبن بەو مافەی کە دیکتاتۆرەکان بۆ زاڵبوون بەسەریاندا سەپاندوویانە. هەنگاوی یەکەمی خەبات لەو پێناوەدا ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو بابەتە، ناڕەزایەتی، "نا"وتن و دواجار بەخشینی  گیانەکانە.

 چوونکە ئەگەر دەستپێکی چەوسانەوە و  کۆیلەکردن، زووڵم و زۆری دیکتاتۆرەکان بووبێت، ئەوا بێ ئیرادەیی و ترسان لە مەرگ، ڕێگای بەردەوامی دیکتاتورەکانی بۆ بەکۆیلەکردنی خەڵک، هەموار کردووە. بۆیە ئەو مەرگە نرخی  ئازادی بوو، خاڵێکی دیکەی ئەو مەرگە سەربەرزانەیە ئەوە بوو کە بۆ گەیشتن بە سەرفرازی و ئاشتیی هەمیشەیی، پێویستە هاوسەنگییەک لە  بەهاکان، لە دەسەڵات و لە هەموو ئەو بوارانەدا هەبێت کە ئامرازی زاڵکردنی لایەکن بەسەر ئەوانی دیکەدا.

هەر وەک چۆن دامەزرانی کۆماری کوردستان بەو ئامانجە بوو، بە هەمان شێوەش بەرەوپیری مەرگ ڕۆیشتنی پێشەوای مەزن و هاوڕێیانی، دووپاتکەرەوەی ئەو ڕاستییە بوو کە ژیان تا ئەو کاتە مانا و بەهای هەیە کە کەرامەت و شکۆمەندیی مروڤ پارێزراو بێت.

هەر ئەمەش بوو بووە بەهایەک  تا ئیستایشی لەگەڵ بێت، هاندەر و دینامیزمی خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان و گیانفیدایی ڕۆڵە قارەمانەکانیەتی بە درێژایی چەندین دەیە لە دوای ئەو کارەساتە.

هەر وەک هەمیشە کە وتوومانە، بیرەوەریی شەهیدەکانمان، بیرهێنانەوەی بەهای بەرزی ئازادیی مروڤە. خەباتی سەربەرزانەیە لە پیناو بەها مرۆییەکان و ژیانی مرۆیی. ئەمە ئەو چەمکانەن کە لە کاروانی دوورودرێژی شەهیدانمان، لە ڕێرەوی بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرە جیاوازەکاندا پێمان گەیشتوون.

ئازیزان!

دوای تێپەڕینی زیاتر لە حەفتا و سێ ساڵ لەو ڕووداوە مێژوویییە کە لەمێژە بە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان ناودێر کراوە، بەتایبەتی دوای چل ساڵ لە دەسەڵاتداریەتیی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامیی ئیران، ئێستا و هەمیشە گرنگە وەبیری بێنینەوە کە ئێمە لە ڕێگای خەباتێکی ڕاستەقینەدا بووین و هەر قوربانییەکی کە داومانە و هەر ماندووبوونێک و سەخڵەتییەک کە ڕووبەڕوومان بووەتەوە، بەرئەنجامی هەڵوێستێکی دروست و ئینسانی  بووە. بۆیە دڵنیاین گیانی شەهیدانمان ئاسوودەیە بەڵام هاوکات لەگەڵ ئەوە ئەرکێکی قورسیشمان لەسەر شانە، ئەویش بەئاکام گەیاندنی خەبات بۆ گەیشتن بەو ئامانج و ئارەزوویانەیە کە ڕۆڵەکانی گەلەکەمان گیانیان لە پێناویدا فیدا کردووە.

دوای زیاترلە چل ساڵ لە  تەمەنی پڕ شەرم و شووریی کوماری ئیسلامیی ئێران، ئێستا ئیدی کاتی هەنگاونانێکی جیددی و هەمەلایەنەیە بۆ پێشەوە. هەنگاو نانێک کە بتوانێت گۆڕانێکی جەوهەری لە نیوەرۆکی  دەسەڵاتداریەتی لە ئێراندا بخولقێنێت و ئەو هاوسەنگییە مێژووییەی کە باسمان کرد، بە دی بێنێت. کۆماری ئیسلامیی ئێران دژوارترین ساتەکانی تەمەنی خۆی تێپەڕ دەکات و گیرۆدەی کۆمەڵێک گرفتی ئاڵۆزی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی بووەتەوە. کە زۆر ئەستەمە بتوانێت بە سەرنجدان بەو بێ کیفایەتی و سەرەڕۆییەی کە هەیەتی بە ئاسانی لێی دەرچێت و هەروا درێژە بە تەمەنی خۆی بدات.

لە ڕاستیدا ئەو ڕێژیمە زیاد لە هەر کاتێکی تر، ئاسیبپەزیرە و بۆشایی هەمەلایەنەی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری لە هەناوی خۆیدا بەرهەم هێناون کە دواجار و بەرەو وەزعێکی لەرزۆک و ڕوو لە هەرەسی بردووە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەموو ڕەهەندەکانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیدا شکستی هێناوە. لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بە خستنە سەری گەمارۆ و تەریککەوتنەوەی زیاتر و دژایەتیکردنی بەشێکی بەرچاو لە وڵاتان و ئەو ستراتیژییەی کە بۆ ناردنە دەرەوەی شۆڕش گرتوویانەتە بەر ڕوو بە نەمانە. لەلایەکی تریشەوە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و سیاسیی نێوان خەڵک و دەسەڵات لەوپەڕی لاوازیدایە، بە جۆرێک کە دەتوانین بڵێین شتێک بەو ناوەوە هەر نەماوە.

بەشدارینەکردنی بەرینی خەڵکی ئێران و بەتایبەت خەڵکی کوردستان لە دوایین هەڵبژاردنی مەجلیسی ڕێژیمی ئیران، ئەو ڕاستییەی سەلماند کە ئەو دەسەڵاتە سەرەڕای بەکارهێنانی هەموو ئامرازەکانی فێڵ و تەڵەکە و فشار و تەزویر، بەڵام مەشروعییەتی لە نزمترین ئاستدایە و چی دیکە ناتوانێت شانۆی هەڵبژاردن وەکوو پاساوێک بۆ مەشروعییەتی سیاسیی خوی بهێنێتەوە. بەڵکوو بووەتە نیشانەی هەرەسی مەعنەوی و ئەخلاقیی ئەو ڕێژیمە لە ئاستی کۆمەڵگادا و ئاماژەی هەری ڕوونی ئەم بابەتە، بەرەو نەمانی ڕێژیمەیە.

بەڕێزان!

هەرچەند هەر حکوومەت و سیستمێک لە دنیادا، بۆ خزمەتکردنی خەڵک و ئاسانکردنی ژیان بۆ خەڵکی خۆیان هەوڵ دەدەن بەڵام لە ئێرانی بەڵا لێدراودا، حکوومەت و سیستمی سیاسی، بارێکی گرانن بەسەر شانی خەڵکەوە. ئاستی بەرپرسیاریەتیی سیاسی و ئەخلاقیی دەسەڵاتداران بەرامبەر بە خەڵک ئەگەر نەڵێین هەر نییە، بەڵکوو لە نزمترین ئاستیدایە و کاتێک کە سیستمێک بنەمای هەڵسەنگاندنی تاکەکانی کۆمەڵگای  لەسەر ئیدئۆلۆژی و شێوازی بیرکردنەوەی پڕ لە هەڵاواردنی خۆیی دانابێت. بێگومان بەرپرسیاریەتیی ئەخلاقی و ئینسانی نابێت و کاتێک سیستمێک لەگەڵ هەموو بوونەوەر و مرۆڤ و ژینگە  و هەرچی بووەکانی ژیان سیاسییانە هەڵسوکەوت بکات بۆ مەبەستی  بەرژەوەندیت خۆی ڕاڤەیان بکات. بێگومان بەرپرسیایەتیی ئەخلاقی نابێت و دواجار کەڵکی ئامرازیان لێ وەردەگرێت و بەرپرسیار نییە لە بەرامبەر هەر کارەسات و چارەڕەشییەک کە بەرۆکی خەڵکەکەی دەگرێت. گرانکردنی بەنزین و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بێ مشووری کار بەردەستانی کۆماری ئیسلامی و شاردنەوەی ڕاستییەکانی پەیوەندیدار بەو پەتایە و دواجار عاجزبوون لە پێڕاگەیشتن بەو کارەساتە مرۆییە و چوونەسەری ڕادەی مردن. لەو نموونانەن کە دەردەخەن، کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوەی بەلایەوە گرنگ نییە، خەڵک، گیانی خەڵک، ژیانی خەڵک و خزمەتکردنی خەڵکە.

بۆیە دەبێ ئەو ڕاستییە بزانین کە ئەگەر دەمانەوێتێ ئاسۆیەکی ڕوون و داهاتوویەکی گەشمان هەبێت، پێویستە هێز و وزە  و تواناکانمان بخەینە گەڕ بۆ نەمانی ئەو ڕێژیمە نەگریسە و وەک دیکتاتۆرەکانی دیکە بە زبڵدانی مێژووی بسپێرین.

با لەو ڕۆژە مێژووییەدا کە ڕۆژی ڕێزگرتن لە فیداکاری و خۆبەختکردوویی شەهیدەکانمانە، ئێمە وەکوو ڕێبوارانی ڕێگایان، هەر وەک ڕۆژانی دەستپێکی ئەم  خەباتە خۆێناوی و قورسە، وێڕای دەربڕینی وەفاداری و ئەمەگناسیمان بەرانبەر بە شەهیدەکانمان و لە سەرووی هەموویانەوە پێشەوای شەهیدمان، بەڵێنیی وەفاداری بە ئامانجە باڵاکانیان دووپات دەکەینەوە. خەڵکی شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازیی کوردستان  دڵنیا دەکەینەوە کە تا وەدیهێنانی ئاواتەکانیان دەست لە خەبات و تێکۆشانی هەڵناگرین.

بەرز و بەڕێز بێت یاد و ناوی سەرجەم  شەهیدانی کوردستان و لە سەرووی هەمووانەوە پێشەوای کوردستان قازی محەممەد

سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدان

سڵاو لە بنەماڵەی سەبەرزی شەهیدان

پڕڕێبوار بێت ڕێگای خەبات بۆ گەیشتن بە ئامانجە بەرزەکانی شەهیدان

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کومیسیۆنی کۆمەڵایەتی

١٠ی خاکەلێوەی ١٣٩٩ی هەتاوی