کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کونسوولخانەی ڕێژیمی ئێران بۆ جاری سێهەم ئاگر درا

12:55 - 13 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: کونسوولخانەی ڕێژیمی  ئێران لە شاری نەجەف بۆ سێهەمین جار لە لایەن خۆپیشاندەرانی عێراقییەوە ئاگر درا.

تویتێری فەرمیی "ئەلعەرەبییە" لە تویتێکدا باسی لە ئاگردانی کونسوولخانەی ڕێژیمی ئێران لە شاری نەجەف بۆ سێهەمین جار کردووە.

میدیاکانی عێراق ئەو هەواڵەیان پشتڕاست کردووەتەوە و وتوویانە ئاگرتێبەردانی لاستیکی ماشین لە بەردەم کونسوولخانەکەدا، بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە دەرگای سەرەکیی ئەو باڵەخانەیە.

ئاستی ڕق و قینی خەڵکی خۆپیشاندەری عێراقی هەتا ئاستێک لە ڕێژیمی ئێران و دەستێوەردانەکانی بەرز بووەتەوە کە بۆ سێهەمین جار لە ڕۆژی سێشەممە، ١٢ی سەرماوەزدا، هێرشیان کردووەتەوە سەر کونسوولخانەی ڕێژیمی ئێران و ئاگریان تێبەرداوە.

لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی عێراق لەهەمبەر بارودۆخی نالەباری ئابووری، نەبوونی خزمەتگوزاریی گشتی و دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتەکەیاندا، ئەمە بۆ چەندەمین جارە کە هێرش دەکرێتە سەر کونسوولخانەکانی ڕێژیم لەو وڵاتەدا.

هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردوودا، خۆپیشاندەرانی عێراقی دوو پردی "ئەلزەیتوون" و "ئەلحێزاراتـ"ـیان لە شاری ناسرییەدا بەستبوو.

عەشیرەتەکانی باشووری عێراقیش  لە شاری ناسریە پەیوەست بە خۆپیشاندەرانەوە بوونە.