کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کونفڕانسی کۆمیتەی سۆران سەر بە ڕێکخستنی ئاشکرای حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو

15:57 - 15 رەزبەر 2720

کونفڕانسی کۆمیتەی "سۆران" سەر بە ڕێکخستنی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەژێر ناوی "بە خۆ ڕێکخستنەوەمان، ڕاسان بەهێزتر و هیواکان گەشاوەتر دەکەین" بەڕێوە چوو.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٤ ڕەزبەری ١٣٩٩ی هەتاوی، کۆنفڕانسی کۆمیتەی سۆران سەر بە ڕێکخستنی ئاشکرای حیزبی دێموکرات لەژێر ناوی "بە خۆ ڕێکخستنەوەمان ڕاسان بەهێزتر و هیواکان گەشاوەتر دەکەین، بە ئامادەبوونی "کاوە بەهرامی" ئەندامی دەستەی کارگێڕی ، "تاهیر مەحموودی" بەرپرسی دەزگای ڕێکخستن، "سەلیم زەنجیری" بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردن و بە بەشداریی زۆربەی ئەندامانی کۆمیتەی سۆران بەڕێوە چوو.

کۆنفڕانسەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

دوای وەرگرتنی دەنگی مەشرووعییەتی کونفڕانس لەلایەن بەڕێوەبەرانی کۆنفڕانسەوە، باسێکی سیاسیی لەلایەن "کاوە بەهرامی" ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکرات پێشکەشی بەشدارانی کۆنفڕانس کرا.

بڕگەی دیکەی کاری کۆنفڕانس تەرخان کرا بە ڕاپۆرتی کۆمیتەی پێشوو کە لەلایەن "ڕامین عومەرزادە" بەرپرسی پێشووی کۆمیتەوە پێشکەش کرا.

دوای تێبینی و ڕەخنە و پێشنیاری بەشدارانی کۆنفڕانس، هەڵبژاردنی بەڕێوەبەریی نوێی کۆمیتە لە کەشێکی ئازاد و دێموکراتیکدا بەڕێوە چوو و بەرپرس و بەڕێوەبەری نوێی کۆمیتە هەڵبژێردران.