کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کونفڕانسی کۆمیتەی "کاوە" بەڕێوە چوو

12:20 - 22 رەزبەر 2720

کۆنفڕانسی کۆمیتەی "کاوە" سەر بە ڕێکخستنی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەژێر ناوی "بە خۆ ڕێکخستنەوەمان ڕاسان بەهێزتر و هیواکان گەشاوەتر دەکەین" بەڕێوە چوو.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢١ ڕەزبەری ١٣٩٩ی هەتاوی، کۆنفڕانسی کۆمیتەی "کاوە" سەر بە ڕێکخستنی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەژێر ناوی "بە خۆ ڕێکخستنەوەمان ڕاسان بەهێزتر و هیواکان گەشاوەتر دەکەین" بە ئامادەبوونی "تەیموور مستەفایی" ئەندامی ناوەندی سیاسی، "سەلیم زەنجیری" بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی حیزبی دێموکرات و بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب لە "قوشتەپە"ی هەولێر بەڕێوە چوو.

کۆنفڕانسەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

دوای وەرگرتنەوەی دەنگی مەشرووعییەت بۆ کۆنفڕانس، " تەیموور مستەفایی" ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە پێشکەشکردنی باسێکی سیاسیی پێوەندیدار بە ئێران و کوردستان و ناوچەکە، کۆنفڕانسەکەی دەستی پێکرد.  

"مستەفایی" لە سەرەتای وتەکانیدا وێڕای ئاماژەیەکی کورت بە دروشم و بەڵێنییە درۆکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای هاتنە سەر کاری، باسی له چوار دەیە لە دەسەڵاتداریی ئەو ڕێژیمە ئیدئۆلۆژیک و تۆتالیتارییە لە هەموو بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری لە ئێراندا کرد. هەروەها ڕۆڵی تێکدەرانەی لە ناوچەکەدا شی کردەوە و ڕایگەیاند، ئەو ڕێژیمە خەریکە دوایین هەناسەکانی خۆی بەهۆی سیاسەتە هەڵە و تێکدەرانەکانی خۆی لەژێر گوشاری نێونەتەوەیی و نێوخۆییدا دەکێشێت.

"مستەفایی" باسی لە ئوپۆزیسیۆنی ئەو ڕێژیمە کرد کە بەهۆی نایەکگرتوویی و پرش و بڵاوییانەوە، بوونەتە هۆکاری درێژبوونی تەمەنی ئەو ڕێژیمە و لەو پێوەندییەدا حیزبی دێموکرات بەهۆی پێگەی سیاسی و جەماوەری و شوێندانەریی خۆیەوە، هەموو هەوڵێک بۆ یەکگرتوویی لایەنە کوردییەکان و هاوپێوەندی لەگەڵ ئەو لایەنانە دەدات کە دەرک بە واقعییەتی سیاسی و فرەنەتەوەیی ئێران و مافی گەلانی ئێران دەدات کە لەو پێوەندییەدا چەند هەنگاوی دڵخۆشکەر چووینەتە پێشەوە و ئامادەکاری بۆ هەر ئەگەرێک لە داهاتووی ئێراندا دەکات.  

لە بەشێکی دیکەی بەرنامەی کاری کۆنفڕانسدا، "بروومەند ئەلیاسی" بەرپرسی کۆمیتەی "کاوە" ڕاپۆرتی کار و چالاکیی کۆمیتەی لە ماوەی کاری ئەو کۆمیتەیەدا پێشکەشی بەشدارانی کۆنفڕانس کرد.

بڕگەی دیکەی کۆنفڕانس تەرخان کرابوو بە پرسیار، ڕەخنە و پێشنیاری ئامادەبووانی کۆنفڕانس کە چالاکانە بەشدار بوون و لەلایەن "تەیموور مستەفاییـ"ـیەوە وڵام درانەوە.

دوای پەسندی ڕاپۆرتی کۆمیتە، بەڕێوەبەریی نوێ و بەرپرسی کۆمیتە هەڵبژێردران.