کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوورە نەوتییەکانی قوتابخانەکان هەڕەشە لە قوتابییانی کوردستان دەکات

14:03 - 29 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: لە حاڵێکدا کە گەڵاڵەی کۆکردنەوەی کوورە نەوتییەکان لە قوتابخانەکانی پارێزگای سنەدا لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵەوە دەستی پێکردووە، هێشتا لە ٦١٢ قوتابخانەدا بەهۆی نەبوونی بودجە، ئەم گەلاڵەیە جێبەجێ نەکراوە.

"ماجد ئەحمەدی"، بەرپرسی نۆژەنکردنەوە، گەشەپێدان و تەیارکردنی قوتابخانەکانی پارێزگای سنە، لە لێدوانێکدا باسی لەوە کردووە کە لە سەرەتاکانی پووشپەڕی ئەمساڵەوە، کۆکردنەوەی کوورە نەوتییەکان لە وەزارەتی پەروەردەدا باسی لێکراوە کە لە ئەگەری دابینکردنی بودجەی پێویستدا، ئەم گەلاڵەیە بەکردەیی دەکرێتەوە.

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردووە کە تاکوو ئێستا بڕی ٢٨ ملیۆن و ٥٦٨ هەزار تمەن پارە بۆ ئەم کارە دابین کراوە کە بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە ١٠ تا ١٥ ملیۆن تمەن بودجەی دیکە پێویستە. بە واتایەکی دیکە، هێشتا لە ٦١٢ قوتابخانەدا ئەم گەڵاڵەیە جێبەجێ نەکراوە.

"ئەحمەدی"، نەبوونی خزمەتگوزاریی گازی لە گرینگترین کێشەی قوتابخانەکانی ناو بردووە و وتوویەتی کە بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە، چاوەڕوانی بودجەن.

هەبوونی کوورە نەوتییەکان لە قوتابخانەکانی کوردستاندا، لە سەرەکیترین کێشەکانی بەردەم منداڵان و قوتابییانە و هەروەها ناستانداردبوونی قوتابخانەکان و سیستمە گەرماییەکەیان، لە مەترسیدارترین هەڕەشەگەلی سەر گیانی منداڵان لە قوتابخانەکانی کوردستانن.

گرینگینەدانی بەرپرسان بەم قوتابخانانە و دابیننەکردنی بودجەی پێویست بۆ نۆژەنکردنەوەی سیستمی گەرمایی، لەوانەیە کارەساتگەلێکی دڵتەزێن لە چەشنی ڕووداوی ئاگرگرتنی قوتابخانەی کچانی "شیناوێـ"ـی پیرانشاری لێ بکەوێتەوە کە پاش ساڵانێک، ئێستاش بەهۆی کەمتەرخەمی و گرینگینەدانی بەرپرسانی ڕێژیم، لەگەڵ زامە ساڕیژنەبووەکانیان دەژین.