کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوورەی باشوور لە مانگی ژووئییەوە نەوت لە ئێران ناکڕێت

13:05 - 16 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: کوورەی باشوور کە یەکێک لە کڕیارە گەورەکانی نەوتی ئێرانە، بڕیاری داوە کە لە مانگی ژووئییەوە کڕینی نەوت و بەرهەمەکانی گاز لە ئێراندا ڕابگرێت.

لەم پێوەندییەدا سێ سەرچاوەی ئاگادار بە هەواڵدەریی ڕۆیتێرزیان ڕاگەیاندووە، کە کورەی باشوور پاش گوشارە ئابورییەکان بۆ سەر ڕێژیمی تاران لە لایەن ئامریکاوە، بڕیاری داوە کە لە مانگی ژووئییەوە کڕینی نەوت لە ئێران ڕابگرێت، کە پاش شەش ساڵ یەکەمجارە کە وەها کارێک دەکات.

یەکێکی دیکە لە کڕیارانی نەوتی ئێران، وڵاتی ژاپۆنە کە هێشتا لە بازرگانیی نەوت لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بەردەوامە و بە دوای ئەوەیە کە ئامریکا لەم کارە لێی ببوورێت و هەروا درێژە بە کڕینی نەوت بدات، بەڵام سەرۆکی ئەنجومەنی نەوتی ژاپۆن مانگی پێشوو ڕایگەیاندبوو، کە ئەگەر دەوڵەتی ژاپۆن نەتوانی ئامریکا بەم کارە ڕازی بکات، لە مانگی ئۆکتوبرەوە کڕینی نەوتیان لە ئێران کۆتایی پێ دێت.

لە پێوەندی لەگەڵ کۆتاییهێنان بە کڕینی نەوتی ئێران، ژمارەیەکی زۆر لە کڕیارانی نەوتی ئەم وڵاتە لە هەوڵدان، هەتا سپتامبێر کۆتایی بە کڕین و بازرگانیی ئەو کەرتە بێنن.

هەتا ئێستە وڵاتانی عەرەبستان و ئەماراتی یەکگرتووی عەرەبی بە داخوازی ئامریکا، بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتەکەیان زیاتر کردووە و بەڵێنی قەرەبووکردنەوەی نەوتی ئێرانیان داوە، کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەم بارەوە، لە دژکردەوەیەکدا هەڕەشەی بەستنی تەنگەڵانی هورموز، "شوێنی گواستنەوەی بەشێکی زۆری نەوتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست" دەکەن.

عەلی خامنەیی، ڕیبەری ڕێژیمیش، گارانتی کردنی فرۆشی نەوتی ئێران لە لایەن ئورووپاوە، وەکوو یەکێک لە مەرجەکانی مانەوە لە بەرجام ناو بردووە.