ڕۆژی هەینی ٢٣ی خەزەڵوەر، ٥ کەس لە هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ، لە شەڕ و تێکهەڵچوونێکدا، کوژران و بریندار بوون.
فەرماندەی سنوورپارێزیی ڕێژیم لە پارێزگای ورمێ لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە: "کاتژمێر نزیک دووی دوانیوەڕۆ، هێزەکانی هەنگی سنووری، بەهۆی شەڕ و تێکهەڵچوون لەگەڵ ژمارەیەک چەکدار، سێ کەس لە هێزەکانی هەنگی سنووری کوژران و دوو کەسیشان لەو شەڕەدا، بریندار بوونه".
یەحیا حوسێنخانی ڕایگەیاندووە هێزەکانی هەنگی سنووری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" لە ناوچەی "تەرگەوەڕ"ی ورمێ تووشی شەڕ و تێکهەڵچوون بوونه.
ئەو بەرپرسە نیزامییەی ڕێژیم، شوناسی ئەو سێ ئەندامەی هەنگی سنووری بە ناوەکانی "موسلیم جیهانئارا" ئوستوار دووهەم، "مالک تاهیری" ئوستوار دووهەم و "کامران کەرامەت" بە پلەی سەرباز ڕاگەیاندووە.
هەر لەو شەڕەدا دوو کەس لە هێزەکانی ڕێژیم بریندار کراون کە شوناسیان ڕوون نییە.
هەتا ئێستا هیچ یەک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران، ئەو شەڕ و تێکهەڵچوونەیان لە ئەستۆ نەگرتووە.
لەو پێوەندییەدا، دانیشتووانی ئەو ناوچەیە باس لەوە دەکەن کە، هیچ کام لە حیزبە دژبەرەکانی ڕێژیمی ئێران لەو ناوچەیە نین و ئەگەری هەیە شەڕ و تێکهەڵچوونه لە نێوان خودی هێزەکانی ڕێژیمەوە هاتبێتە ئاراوە.