کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی ٧ خوێندکاری سووری لە شاری حەلەب

18:02 - 15 بانەمەڕ 2712

کوردستان میدیا: بەهۆی کوژرانی ٧ خوێندکاری سووری، خەڵکی سووریە ناڕەزایەتییەکی بەرینیان لە شاری حەلەب بەڕێوەبرد.


بەگوێرەی راپۆرتی ماڵپەڕی ئەلعەرەبییە، کۆمیتەی هاوئاهەنگیی شۆڕشی خەڵکی سووریە رێکەوتی ١٤ی بانەمەڕی ١٣٩١ی هەتاوی لە ناوچە جیاجیاکانی شاری حەلەب بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی لەهەمبەر کوژرانی ٧ خوێندکار، خۆپیشاندانێکی بەرینیان بەڕێوە برد.
بەپێی هەمان سەرچاوە، لە ٤٨ کاتژمێری رابردوودا لانی‌کەم ٢٩ هاووڵاتیی دژبەری رێژیمی بەشار ئەسەد بە دەستی هێزەکانی ئەرتشی سووریە کوژراون.
لە نێو ئەو کوژراوانەدا ٧ خوێندکار بەرچاو دەکەون کە خەڵکی شار حەڵەب بوون.
لەلایەکی دیکەوە کۆمیتەی هاوئاهەنگیی شۆڕشی سووریە هەواڵی چەندین تەقینەوەی لە دەوروبەری شاری دیمەشق بڵاو کردۆتەوە. ئەو تەقینەوانە هاوکات لەگەڵ جیابوونەوەی کۆمەڵێک سەربازی ئەرتشی سووریە ئەنجام دراوە.
شایەتحاڵان گوتوویانە، ئەرتشی رێژیمی سووریە بە چەکی قورس ناوچەی خالیدییەی شاری حومسیان تۆپباران کردووە.
لە شاری دەرعا کە سەرهەڵدانی خەڵک لەو شارەوە دەستی پێکرد، هێزەکانی رێژیمی سووریە هەوڵی قەدەغە کردنی یاسای هاتوچۆیان داوە، بەڵام هاووڵاتییانی ناڕازایی ئەو وڵاتە بە بێ گوێدان بە هەڕەشەی هێزەکانی ئەرتش رژانە نێو شەقامەکان و لە ئاکامی تەقەی هێزە ئەمنیەتییەکان چەندین کەس کوژران.