کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوەیت بەندەری دۆحەی داخست

11:52 - 14 رەشەمه 2719

وڵاتی کوەیت بە مەبەستی پێشگرتن بە هەر چەشنە پەیوەندییەک لەگەڵ خزمەتکارانی کەشتییە ئێرانییەکان، بەندەری دۆحەی داخست.

هاوکات لەگەڵ زۆربوونەوەی هەڕەشەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا، وڵاتی کوەیت، ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی ڕەشەمە، ڕایگەیاند کە بەندەری "دۆحە"ی بە مەبەستی پێشگرتن بە هەر چەشنە پەیوەندییەک لەگەڵ خزمەتکارانی کەشتییە ئێرانییەکان داخستووە.

هەواڵدەریی فەرمیی کوەیت (کۆنا)، بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ڕایگەیاندووە کە "شێخ یووسف عەبدوڵڵا ناسر سەباح"، بەڕێوبەری گشتیی دامەزراوەی کەناراوەکانی کوەیت، جەختی کردەوە کە "ئەمنییەتی کوەیت و تەندروستیی خەڵکەکەی هێڵی سوورە".

ئەو کاربەدەستەی وڵاتی کوەیت سەبارەت بە بڕیاری وڵاتەکەی وتوویەتی، بەسترانی بەندەری "دۆحە" بەو هۆیەوە ئەنجام دراوە کە "ئێران وەکوو یەکێک لە وڵاتانی کۆرۆنالێدراو ناسێندراوە".

هەروەها وڵاتی کوەیت تەواوی ئەو کەسانەی بەو ڤایرۆسە تووش بوونە و لە ئیرانەوە چوونەتە ئەو وڵاتە، لە هەوڵێکی بەرگریکارانەدا قەرەنتینە کردووە.

هەروەها هاوکات لەگەڵ دەرکەوتنی یەکەمین حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران و بەتایبەت شاری قوم، دەوڵەتی کوەیت تەواوەتی فڕینەکانی بۆ ئێران و لە ئێرانەوە بۆ کوەیتی بەپێی پێشنیاری وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتە ڕاگرت.