کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٩٥ کچ لە شاری قوروە وازیان لە خوێندن هێناوە

10:50 - 21 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: لە دوایین کۆبوونەوەی شۆرای پەروەردەی شاری قوروە لەم ساڵدا، بابەتگەلێکی وەکوو قوتابخانە ڕووخاوەکان، نەبوونی سیستەمی گەرمکەرەوە و وازهێنانی کچان لە خوێندن باسیان لە سەر کرا.

جەعفەر عەبدولمەلکی، بەرپرسی پەروەردەی شاری قوروە، لەم کۆبوونەوەیەدا پەرژاوەتە سەر بابەتی قوتابخانەکان و رایگەیاندووە: لە ١٩٠ قوتابخانەی شاری قوروەدا، ٥٨ قوتابخانە، پێش لە ساڵی ٧٢ ساز کراون و ٤٠ قوتابخانەش لە گوندەکاندا دیوار و حەوشەیان نییە.

ناوبراو هەروەها، ئاماژەی به نەبوونی سیستەمی گەرمکەرەوە کردووە و وتوویەتی: ١١ قوتابخانە سیستەمی گەرمکەرەوەی ستانداردیان نییە و ٨٠ لەسەدی قوتابخانەکانیش ئەمنییەتیان نییە و ڕووخاون.

ناوبراو دواتر باسی لە قەیرانی وازهێنانی کچان لە خوێندن کردووە و ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی ١١ مانگی ڕابردوودا هەتا ئێستاکە ٩٥ قوتابیی کچ لەم شارەدا ناسێندراون کە وازیان لە خوێندن هێناوە کە لە ٣٥  کەسیاندا هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوبەش.

عەبدولمەلکی هۆکاری وازهێنان کچان لە خوێندنی، بۆ نەدانی ئیزن لە لایەن بنەماڵەکانیانەوە و هەروەها پێکهێنانی ژیانی هاوبەش ناوبردووە، ئەمە لە حاڵێکدایە که کیشەگەلی ئابووری و وەرگرتنی پارە لە قوتابییان و هەروەها ناستانداردبوونی قوتابخانەکان و دابین نەکردنی پێداویستییەکانی خوێندن لە لایەن ڕێژیمەوە هۆکاری سەرەکیی ئەم قەیرانەن و زۆربەی کچان لە بەر نەبوونی داهاتی بنەماڵە ناچار دەبن واز لە خوێندن بێنن و ژیانی هاوسەرگیری پێکبێنن.