کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کچانی شیناوێ پاش حەوت ساڵ هێشتا دەرمان نەکراون

11:22 - 18 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: پاش تێپەڕینی زیاتر لە حەوت ساڵ، کچانی شیناوێ هێشتا دەرمان نەکراون و ڕۆژبەڕۆژ ئازارەکانیان زیاتر دەبێت.

پاش ئەوەی کە لە ساڵی ۱۳۹۱ی هەتاویدا، بە هۆی ئاگرگرتنی سۆبەی نەوتی لە قوتابخانەیەکی کچانەی شیناوێ سەربە شاری پیرانشار لە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە بەداخەوە نزیک بە ۳۰ کچی قوتابی تووشی سووتان بوون و ۲ کەسیان گیانیان لە دەست دا، تاکوو ئێستا کە زیاتر لە حەوت ساڵ لەو ڕووداوە دڵتەزێنە تێدەپەڕێت، دەرمان نەکراون و ئازارەکانیان ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دەبێت.

وێڕای بەڵێنەکانی ڕێژیم بۆ چارەسەرکردنی ئەو کچانە، لە ماوە ئەو چەند ساڵە و بەڵێنی ڕەوانەکردنیان بۆ وڵاتی ئامریکا لە ساڵی ڕابردوودا، هێشتا چارەسەر نەکراون و جیا لەوەی کە ڕێژیم و ناوەندە پەیوەندیدارەکان، هیچ ئاوڕێک لە چارەسەرکردنی برینی ئەو کچانە نادەنەوە، پێشتریش بیمەی "دانا"ی ڕێژیم ڕایگەیاندبوو، کە بە هۆکاری کچبوونیانەوە تەنیا ۲۸ لەسەدی تێچووی دەرمانەکانیان دەدات.

لەم پەیوەندییەدا، پاش تێپەڕینی ۱۳ ساڵ لە ئاگرگرتنی قوتابخانەیەکی شاری دروودزەنی پارێزگای شیراز، جیا لەوەی کە هێشتا دەرمان نەکراون، لە ڕۆژانی ڕابردووشدا جارێکی تر بە مەبەستی یارمەتیدان بۆ چارەسەریی برینەکانیان کە پارەیەکی زۆری دەوێت، سەردانی وەزارەتی پەروەرە و بارهێنانی ڕێژیم دەکەن و دوای ۶ کاتژمێر چاوەڕوانی لە پشت دیوی ئەو وەزیرە و پێڕانەگیشتن و پشتگوێخستنیان لە لایەن وەزیری پەروەردە و بارهێنانەوە، پولیس لە بینای ئەو وەزارەتخانەیە دەیانکاتە دەرەوە.

هەر لەم پەیوەندییەدا، لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردووشدا، بە هۆی ئاگرگرتنی سۆبەی قوتابخانەیەکی کچانەی "ئوسوەی حەسەنە" لە شاری زاهدانی لە پارێزگای بەلووچستان،  ۵۹ قوتابی سووتان کە بەداخەوە ٤ قوتابی بە هۆی زۆربوونی برینی سووتانەکانیانەوە گیانیان لەدەست دا.

پاش تێپەڕبوونی نزیک بە ساڵێک لەو ڕووداوە ناخهەژێنەش، تاکوو ئێستا ناوەندە پەیوەندیدارەکانی ڕێژیم ئاوڕیان لە بارودۆخی کچە سووتاوەکانی ئەو قوتابخانەیەش نەداوەتەوە و هیچ هەنگاوێکیان بۆ چارەسەرکردنی برینەکانیان هەڵنەگرتووە و بە هۆی چارەسەرنەبوونی ئازارەکانیان دەناڵێنن.

ساڵانە بە هۆکاری ناستانداردبوونی پێکهاتەی گەرماییی قوتابخانەکان لە سەرجەم شار و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ڕووداوگەلێکی دڵتەزێنی جۆراوجۆر دەکەوێتەوە کە دەبێتە هۆی سووتان و بریندابوونی قوتابییان و تەنانەت زۆرجاریش بە هۆی قووڵبوونی برینەکانیانەوە گیانیان لەدەست دەدەن، بەداخەوە ڕێژیم هیچ هەوڵێکی بەرایی بۆ پێشگرتنی ئەو جۆرە ڕووداوانە نادات.