کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کچێکی سەردەشتی وەک باڵوێزی پارێزەری ئوقیانووسەکان هەڵبژێردرا

10:47 - 25 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: دامەزراوەی نێودەوڵەتیی ئوقیانووسناسی کچێکی خەڵکی سەردەشتی وەک باڵوێزی پاراستنی ئوقیانووسەکان هەڵبژارد.

"سارا نەقشبەندی"، خەڵکی سەردەشت و ئەندامی بەڕێوەبەریی "شلیرا"، لەلایەن دامەزراوەی نێودەوڵەتیی ئوقیانووسناسی وەک باڵوێزی پاراستنی ئوقیانووسەکان هەڵبژێردرا.

"سارا" خەڵاتی باشترین پێشکەشکردنی (ارائە) ساڵی ٢٠١٩ی بەدەست هێناوە.

لەو خولەدا، ٢١ نوێنەر لە وڵاتانی جیاواز بەشدار بوون. لەو خولەدا کە لە دوورگەی ''واڵتا" لە وڵاتی ئیتالیا بەڕێوە چوو، ئەو کچە کوردە توانی ئەو سەرکەوتنە تۆمار بکات.

ئەو خولە هەموو ساڵێک لە وڵاتانی کانادا، ئافریقای باشوور، چین و وڵاتانی دیکە بەڕێوە چووە.

ئامانج لە هەڵبژاردن و بەڕێوەبردنی ئەو خولانە ئاگایی و پەروەردەی باڵویزه بۆ هەموو شوێنەکانی جیهان.

لەم خولانەدا لە بواری هۆکارەکانی مەترسیدار لەسەر تێکدانی ژینگە، بەتایبەتی پیسیی میکرۆپلاستیک لە ئوقیانووس و شوێنە ئاوییەکان که لە ڕەوتی زنجیرەی بژێویدا بۆ لەشی مرۆڤ دەگەڕێتەوە و تەندروستیان دەخاتە مەترسییەوە، زانیاری بە خەڵک دەدەن.

"سارا نەقشبەندی" خەڵکی سەردەشتی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە. ناوبراو تەمەنی ٣٦ ساڵە و دوکتورای ژینگەپارێزیی هەیە و ئەندامی بەڕێوەبەریی ئەندیشکەدەی ژینگەوانیی "هرمس" و پسپۆڕیی لە بواری ئاودا هەیە.

"نەقشبەندی"، ٢ ساڵ لەمەوبەر لە بواری ڕەخساندنی هەلی کار بۆ ژنانی گوندەکانی دەوروبەری گۆلی ورمێ دەستی بەکار کرد. ناوبراو لە ڕێگای چاندنی گیاوگوڵی دەرمانی، توانی خزمەت بە دانیشتووانی ئەو گوندەیە بکات.