کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کچێكی کورد بۆ فستیڤاڵی بێرلین بانگهێشت کرا

11:18 - 16 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: کچە هونەرمەندێکی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات، وەک یەکێک لە هونەرمەندانی بەتوانا، بۆ فستیڤاڵی بێرلین لە ساڵی ٢٠١٩دا بانگهێشت کرا.

کچە فیلمسازێکی کورد، بە ناوی "شیلان سەعدی"، خەڵکی شاری مەهاباد، سەر بە کوردستانی ڕۆژهەڵات، وەک یەکێک لە هونەرمەندانی بەتوانا، بۆ فستیڤاڵی بێرلین لە ساڵی ٢٠١٩دا هەڵبژێردرا.

ئەو فیلمسازە کوردە، لە قسەکانیدا باسی لەوە کردووە، بۆ ئەم فیستیڤاڵە کە هونەرمەندانی بەتوانا بانگهێشت دەکرێن، یەکێک لە گرینگترین ڕووداوەکانی سینەمای جیهانه. لەو فستیڤاڵەدا هەر ساڵ ٢٥٠ کەس لە لایەن هەیئەتی دیاریکراو هەڵدەبژێردرێن.

ئەو فستیڤاڵە ٣٤٠٠ خوازیاری هەبووە و لە ١٣٠ وڵاتی جیهاندا بەشداری دەکەن، کە ئەو کچە فیلمسازە کوردە، وەک یەکێک لە بەشداربووان، بۆ ئەو فێستیڤاڵه بانگهێشت کراوە.

سەعدی، لە بارەی فیلمی سازکراوی خۆی باسی لەوە کردووە، ئەو فیلمە باس لە ژیانی پڕ هەوراز و نشیوی ٧ کچی ئیزەدی دەکات، کە دوای هێرشی داعش لە کەمپی پەنابەران لە شاری دیاربەکری تورکیە نیشتەجێ دەبن.

فستیڤاڵی فیلمی بێرلین یا بێرلینانە، یەکێک لە بەنرخترین و کۆنترین فستیڤاڵەکانی سینەمایی لە جیهان و ئورووپایە، کە هەموو ساڵێک لە بێرلین بەڕێوە دەچێت.

ئەو فستیڤاڵە بۆ یەکەمین جار، ساڵی ١٩٥٢ی زایینی، بە پیشاندانی فیلمی "ڕێبکا" دروستکراوی "ئالفرێد هیچکاک"، دەستی بە کارەکانی کرد.

خەڵاتی ورچی زێڕین بە باشترین فیلمی ئەو فستیڤاڵە دەدرێت.