کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کچە شاخەوانێکی کورد ئەندامانی جەستەی خۆی بەخشی

12:42 - 12 خەرمانان 2720

کچە شاخەوان و بەردەوانی بۆکانی کە بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە تووشی مەرگی مێشکی ببوو، بڕیارە ئەندامەکانی لەشی لەسەر داوای پێشتری خۆی، پێشکەش بکرێت بەو کەسانەی پێویستیان پێی هەیە.

ڕۆژی سێشەممە ٤ی خەرمانان، "بەیان عەتاری" کچە شاخەوان و بەردەوانی کوردی خەڵکی بۆکان، لە کاتی دووچەرخە لێخوڕیندا تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بوو و دوای حەوتوویەک ململانێ چووە کۆما و تووشی مەرگی مێشکی بوو.

ناوبراو کە پێش گیانلەدەستدانی بەڵگەی پێشکەشکردنی ئەندامانی جەستەی پاش مردنی واژۆ کردبوو، لەسەر ئەو ڕەزامەندییەی خۆی و بنەماڵەکەشی، ئەندامانی جەستەی پێشکەش بەو کەسانە دەکرێت کە پێویستیان پێی هەیە و بۆ هەمیشە ناو و یادی بە زیندوویی دەمێنێت و دڵی لە لێدان ناکەوێت.

"بەیان عەتاری" کارناسیی ژینگەناسیی هەبوو و لە ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوییەوە شاخەوانی کردووە و جیا لە شاخەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، توانیویەتی بەسەر شاخەکانی "دەماوەند و سەبەلان" و هەروەها شاخی "کازبەکـ"ـی گورجستان کە دووەمین شاخی بڵیندی ئورووپایە سەر بکەوێت.

ناوبراو هەروەها وەرزشی "بەردەوانیـ"ـشی دەکرد و زۆربەی ڕێڕەوە بەردەوانییەکانی شاخی تەرەغە و هەروەها ئەشکەوتی "دوو کچیشی" پێوابوو کە ئەو ئەشکەوتە گازی هەیە و کەس نەیتوانیوە بچێتە ژوورەوە.

"عەتاری" هەروەها ماوەی ساڵێک بوو کە وەرزشی دووچەرخەسواریشی دەست پێکردبوو و لە هەوڵی وەرگرتنی بڕوانامەی ڕاهێنەریی شاخەوانیدا بوو و ئەندامی یانەی شاخەوانیی "هەوراز"ی بۆکان بوو کە بڕیار بووە ببێتە بەرپرسی بەشی ژنانی ئەو یانەیە.

نەبوونی شوێنێکی تایبەت بۆ وەرزشوانان لەسەر ڕێگای تەنیشت "پارکی ساحلی" و "بەردەزەرد"ی بۆکان بووەتە هۆی ڕووداوگەلێکی دیکەی لەم چەشنە.