کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کچە شەهید و ئەندامێکی دیاری حیزبی دێموکرات لە دیاسپۆرا کۆچی دوایی کرد

17:54 - 15 رەزبەر 2720

کچە شەهید و ئەندامێکی دیاری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەهۆی شێرپەنجەوە لە نەخۆشخانەی شاری "ڤێسترۆسـ"ـی وڵاتی "سوئید" ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ڕۆژی سێشەممە ١٥ی ڕەزبەر، خاتوو "نەسیم عەزیزی" کچی شەهید "محەممەد عەزیز عەزیزی" پاش چەند ساڵ ململانێ لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجە سەرەنجام کۆچی دوایی کرد.

ناوبراو ١ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٥٦ی هەتاوی لە گوندی "بێورانی خوارێ" سەر بە شاری سەردەشت لەدایک بووە.

هەر لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە بنەماڵەکەیان تێکەڵ ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات دەبن و لەو پێناوەدا چەندین ئەندامی بنەماڵەکەیان گیانیان فیدای بارەگای ئازادی دەکەن.

شەهید "محەممەد عەزیز عەزیزی" باوکی خاتوو "نەسیم"، وەک فەرماندەیەکی هەرە دیاری حیزب لە ناوچەكه بەرانبەر هێرشی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران فەرماندەیی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات دەکات و حەماسە و فیداکاری تۆمار دەکات و لەو پێناوەدا شەهید دەبێت.

پاش شەهیدبوونی فەرماندە "محەممەد عەزیز"، کاک "ڕەسووڵ" مامی خاتوو "نەسیم" دەبێتە فەرماندە و لە ڕێبازی برا شەهیدەکەیدا و سەرجەم شەهیدانی کوردستاندا شەهید دەبێت.

هەروەها ئامۆزایەکی شەهید "محەممەد عەزیز" بە ناوی "خدر عەزیزی" لەنێو ڕیزی تێکۆشەرانی دێموکراتدا شەهید دەبێت.

خاتوو نەسیم ژیانێکی تەواو پێشمەرگانەی بووە و بەردەوام لە ئاوارەییدا دەبێت و لەگەڵ بنکە و بارەگاکانی حیزب لە جێگۆڕکێدا دەبن.

ناوبراو لە ساڵی ١٣٧٥ی هەتاویدا لەگەڵ "محەممەد بایەزیدی" کادری پێشوو و ئەندامی دیار و چالاکی حیزب ژیانی هاوبەشی پێکهێنا.

خاتوو "نەسیم" لە ساڵی ١٣٨١ی هەتاوییەوە وەک پەنابەر لەگەڵ بنەماڵەکەی لە وڵاتی "سوئید" گیرساونەتەوە.

"نەسیم عەزیزی" هەتا دواساتەکانی ژیانی وەک ئەندامێکی دڵسۆزی حیزب و نیشتمانپەروەر و وەفادار بە ڕێبازی شەهیدان و حیزبی دێموکرات، خزمەتی کرد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.