کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کچە کوردێک، خەڵاتی کۆنگرێسی ئامریکای پێ بەخشرا

12:21 - 31 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: کچە کوردێکی خەڵکی باشووری کوردستان و دانیشتووی وڵاتی ئامریکا، خەڵاتی ساڵانەی دیاریکراوی کۆنگرێسی ئامریکای بۆ خوێندکارانی زیرەک و بلیمەتی پێ بەخشرا.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٣٠ی جۆزەردان، "سارا محەممەد شوانی"، کچە کوردێکی خەڵکی شاری کەرکووک لە باشووری کوردستان و دانیشتووی ویلایەتی "یوتا"ـی ئامریکا، بە هۆی زیرەکی و لێهاتووییەوە، خەڵاتی دیاریکراوی ساڵانەی کۆنگرێسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا کە بۆ خوێندکارانی زیرەک و بلیمەتی دیاری کردووە، پێ بەخشرا.

لەم بارەیەوە، "سارا محەممەد" بە میدیاکانی باشووری کوردستانی ڕاگەیاندووە: "جیا لە زیرەکی لە بواری خوێندکاریدا، کاری خۆبەخشانە و مرۆڤدۆستانەش لە وەرگرتنی ئەو خەڵاتەدا ڕۆڵی هەیە و ئەمساڵیش من لە لایەن تیمێکی قوتابییانەوە بۆ وەرگرتنی ئەم خەڵاتە دەستنیشان کرام و خەڵاتەکەم پێ بەخشرا."

ئەم کچە کوردە، کە بە جلی کوردییەوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکەی لە هۆڵی کۆنگرێسی ئامریکادا حازر بوو، جلە کوردییە ڕەسنەکەی سەرەنجی سەرجەم بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکەی ڕاکێشاوە و لەم پەیوەندییەشدا سارا ڕایگەیاندووە: "بە لەبەرکردنی جلی ڕەسەنی کوردی ویستوومە لەو شانازییە مەزنەدا، نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان بکەم."

"سارا محەممەد شوانی"، لەدایکبووی شاری کەرکوکی باشووری کوردستانە و لە ساڵی ١٣٨٧ی هەتاوی، لەگەڵ بنەماڵەکەی لە ویلایەتی "یوتا"ـی ئامریکادا، وەکوو پەنابەر نیشتەجێ بوونە.