کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کڕینی خواردەمەنییەکان لە بازاڕەکانی کوردستان و ئێران ٣٥ لەسەد دابەزیوە

17:36 - 19 خەرمانان 2721

"قاسم عەلی حەسەنی" سەرۆکی یەکیەتیی کۆفرۆشانی ڕێژیمی ئیران بە ڕۆژنامەی "هەمشەهری" وتووە: “ئێمە بەپیی ئامارێک کە لە ئاستی ئێراندا هەمانە، لە ٥ مانگ و نیوی سەرەتای ساڵدا بەنیسبەت ٥ مانگ و نیوی ساڵی ڕابردوو، دابەزینی ٣٥ لەسەدی فرۆشتنی کەرەستە خواردەمەنییەکانمان هەبووە".

"حەسەنی" بناغەی ئەو دابەزینە ٣٥ لەسەدیەی، بۆ هۆکاری گرانی و نەگرتنی ڕێوڕەسمی پرسە و زەماوەند گەڕاندووەتەوە.

لە کاتی بڵاوبوونەوە و پەرەسەندنی کۆرۆنا لە کوردستان و ئێران لە قۆناغێکدا بەربەستەکان بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسم و کۆبوونەوەکان جێبەجێ کراوە کە بوونەتە هۆکاری دابەزینی کڕینی کەرەستە خواردەمەنییەکان لە بازاڕدا.

هەروەها "سەعید درەخشانی" سەرۆکی یەکیەتیی سوپێر مارکێتەکان وتوویەتی: "نرخی هێلکە کە لە ٣٠ هەتا ٣١ هەزار تمەن بوو ئێستا بە ٤٣ یان ٤٤ هەزار تمەن دەفرۆشرێ، بەرهەمهێنەران نرخی هێلکە گران دەکەن ئێمەش بە گران دەیفرۆشینەوە".

"درەخشانی" لە درێژەدا وتوویەتی: "بەشێک لە چالاکانی ئەو پیشەیە لە حاڵی مایەپووچ بووندان".

بەپیی بڵاوکراوەی ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران نرخی هەڵاوسانی سالانەی مانگی گەلاوێژ  بە ٤٥.٢ لەسەد گەیشت.