کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کڕینی کەلوپەلی خۆراکی بەهۆی ئەوەیکە خەڵک توانای کڕینیان نییە ٣٥ لەسەد دابەزیوە

17:12 - 23 رەشەمه 2720

''قاسم عەلی حەسەنی'' بەرپرسی یەکیەتیی عومدەفرۆشانی کەلوپەلی خۆراکی تاران ڕایگەیاندووە، بەهۆی دابەزینی توانای کڕینی خەڵک، خواستی خەڵک بۆ کڕینی کەلوپەلی خۆراکی لە ئێستادا بەنیسبەت ماوەی وێکچووی ساڵی ڕابردوو ٣٥ لەسەد دابەزیوە.

ناوبراو باسی لەوە کردووە تەنانەت برینج و چایی لەگەڵ مەندییەکی قووڵ بەرەوڕوو بووە، واتا کاڵا بوونی هەیە، بەڵام کڕیاری نییە.

هاوکات ''حەسەنی'' بەنیسبەت کەمیی ڕۆن وتوویەتی: ''بەنیسبەت بڵاوکردنەوەی ڕۆن بۆ بازاڕەکان شتێک بە ئێمە ڕانەگەیەندراوە و ئێمە ئاگامان لێ نییە، تەنیا ڕێگاچارەی ڕۆن ئەوەیە کە ئیزن بدرێت عومدەفرۆشان ڕۆن هاوردە بکەن.

بەرپرسی ئەم یەکیەتییە پێشتر وتبووی، کڕینی کەلوپەلی خۆراکی لە مانگی ڕێبەندان بەنیسبەت ساڵی ڕابردوو ٢٥ لەسەد و نیسبەت بە ٦ مانگی پێشوو ٥٠ لەسەد دابەزیوە.

ناوبراو باسی لەووش کرد لە سەرەتای ساڵ هەتا مانگی ڕێبەندان ٢٠٠ لەسەد نرخی برینج، ٧٥ لەسەد شەکر و ٤٥ لەسەد نرخی چایی نەرخەکەیان بەرز بووەتەوە.

هەروەها ڕۆژنامەکانی ئێران باس لەوە دەکەن کە دابەزینی توانای کڕینی خەڵک؛ کاروکاسبییەکانی بەرەو وێرانی بردووە.

ناوەندی ئاماری ئێران هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵی لە مانگی ڕێبەندان ٤٨.٢ لەسەد و هەڵاوسانی خۆراک، خواردنەوە و دوخانیاتەکانی ٦٦.٨ لەسەد ڕاگەیاندووە.

هەروەها نرخی هەڵاوسانی ساڵانە لەو مانگەدا ٣٤.١ لەسەد ڕاگەیاندراوە.