کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوە ناڕزاییەتییەکانی خەڵک بەنیسبەت دۆخی خراپی ئێران هەروا پەرە دەستێنێت

13:13 - 30 بانەمەڕ 2720

خەڵکی ناڕازی و وەزاڵەهاتووی ئێران لە زۆربەی شارەکان بە دژی سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران، دۆخی ئێستای ئابووریی ئێران و ئەو زوڵم و ستمەی کە بەسەریاندا دەکرێت، بەردەوام کووبوونەوەی ناڕەزایەتی دەردەبڕن.

ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی بانەمەڕ، فەرمانبەرانی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم لە تاران کووبوونەوەیەکی ناڕزایەتییان بە دژی گەندەڵی و دزیی بەرپرسان و لابردنی هەڵاواردن و پێدانی مووچەی دواکەتوویان بەڕێوە برد.

هەروەها کۆمەڵێک لە کرێکارانی شیرکەتی "هێپکۆی ئەراک" بەنیسبەت نادیاربوونی دۆخی بەرهەمێنانی ئەم شیرکەتە و کۆمەڵێک گرفتی دیکە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

هاوکات کۆبوونەوە ناڕزایەتییەکانی کرێکارانی شارەداریی ''ئەروەند کێنار'' گەیشتە سێهەمین ڕۆژی خۆی و کرێکاران داوای پێدانی مووچەی دواکەوتووی خۆیان دەکەن.

لەم کۆبوونەوە ناڕزایەتییەدا کرێکاران هاوار دەکەن کە ''پارەی نانمان نییە و ئیمە برسین و شەرمەندەی بنەماڵەکانمانین''.

بەهۆی دۆخی نالەباری ئابووری، نەبوونی دەرفەتی کار، هەژاری، گرانی و بێهیوایی بە داهاتوو، هەر ڕۆژە و لە شوێنێکی ئێران خۆپیشاندان بەڕێوە دەچێت، بەڵام لەلایەن ڕێژیمەوە هیچ ئاوڕێک بەم ناڕزایەتییانە نادرێتەوە و تەنانەت ئەو کۆبوونەوانە سەرکوت دەکەن و زۆر کەسیش بە تۆمەتی ئەمنییەتی  دەسبەسەر دەکرێن.