کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەردەوامن

11:48 - 23 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: کرێکاران و فەرمانبەرانی شارەدارییەکانی دوو مەنتەقەی ئیلام لەهەمبەر مووچە و حەقدەستە دواکەوتووەکانیان دەستیان دایە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی ڕەشەمەی ١٣٩٧ی هەتاوی، کرێکاران و فەرمانبەرانی شارەدارییەکانی "سەراوڵە" و شارەداری "تەوحید"، سەر بە پارێزگای ئیلام، ناڕەزایەتییان لە هەمبەر وەدواکەوتنی مووچە و حەقدەستەکانیان دەربڕی و بە کۆبوونەوە لە بەردەم شارەداریی  ئەو شارەدا خوازیاری وڵامدەربوونی بەرپرسان بەرانبەر به خواستەکانیان بوون.

کرێکارانی شارەداریی سەراوڵە ماوەی ٣ مانگە مووچەکانیان پێ نەدراوە و حەقی ئیزافەکاریی ٥ مانگی ڕابردووشیان وەرنەگرتووە؛ کرێکارانی شارەداریی تەوحیدیش ماوەی ٦ مانگە مووچەکانیان وەرنەگرتووە و بەم هۆیەوە مانیان لە کارکردن گرتووە و دەستیان داوەتە ناڕەزایەتی دەربڕینەوە.

لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا کرێکاران و فەرمانبەرانی شارەدارییەکانی چەند شاری کوردستان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد و هەندێکیشیان دەستیان لە کار کێشایەوە.

هەر لەو پێوندییەدا ماوەی ڕابردوو، کرێکارانی شارەدارییەکانی مەریوان و مێهران و دێولان کە ماوەیێکی زۆر بوو مووچەی خۆیان وەرنەگرتبوو و هیچ کاربەدەستێکی ڕێژیمی ئێرانیش، لەو ناوەندەدا لە بەرانبەر ئەم کێشەیەدا خۆی بە بەرپرس نەدەزانی، دەستیان دایە ناڕەزایەتی دەربڕین و دەستیان لە کار کێشایەوە.