کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی دەربڕینی مامۆستایانی قوتابخانەکانی کوردستان

18:19 - 20 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: بەهۆی نالەباری و خراپی دۆخی بژیوی ژیان و گوزەرانی مامۆستایانی قوتابخانەکانی کوردستان، مامۆستایانی شارەکانی کرماشان، مەریوان و سەقز کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان وەڕێخست.

بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە کوردستان میدیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە رێکەوتی ٢٠ی بانەمەڕ، مامۆستایانی سێ شاری کرماشان، مەریوان و سەقز بۆ دەربڕینیی ناڕەزایەتیی خۆیان لە دۆخی نالەباری بژیوی و کەمتەرخەمیی ناوەندە پەیوەندیدارەکان بەم مەسەلەوە، لە بەرامبەر نوێنەرایەتییەکانی وەزارەتی پەروەردە لەو شارانە کۆبوونەوە.

لەدوای بانگەوازی سەرتاسەری بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی گشتگیر لە سەرتاسەری ئێران لەلایەن مامۆستایان کە بەشێک لە شارەکانی تریشی گرتووەتەوە، مامۆستایانی کوردی ئەو سێ شارە هاوکات لەگەڵ شوێنەکانی تر بۆ ڕاگەیاندنی داواکاری و دەربڕینی ناڕەزایەتیی خۆیان لە هەمبەر نالەباریی دۆخی بژیوی ژیانیان کۆبوونەوە.

خستنەڕووی داواکاریی مامۆستایان لە ئێران لە چەند ساڵی رابردوودا بەردەوام لەگۆڕێدا بووە بەڵام تا ئێستە لەلایەن بەرپرسان و ناوەندە پەیوەندیدارەکانەوە وڵامێکی ڕوونییان وەرنەگرتووە. 

ئەم ناڕەزایەتییانە زیاتر لەسەر کەم داهاتی، وەدواکەوتنی پێدانی مووچە و هەروەها داواکاری بۆ پێکهێنانی رێکخراو و ناوەندێکی سەربەخۆی مامۆستایان بووە.

بەپێی بەراوردەکان و بارودۆخی ناسەقامگیری ئابووریی ناو ئێران پێناچێت لە ماوەیەکی نزیکدا داواکاریی مامۆستایان بە ئامانجەکانی بگات و هەر بەم بۆنەوە دەکرێت لە داهاتوودا ئەم شێوەی ناڕەزایەتییانە لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بۆ مانگرتن بگۆڕدرێت.