کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەکانی سکرتێری گشتیی حدک ئێران لەگەڵ پارلەمانتارانی بریتانیا

01:10 - 16 رەشەمه 2711

ک/مــــــــــیدیا: هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە شێوه‌ی جیاجیا لەگەڵ شەش ئەندام پارلەمان و لۆردی بریتانیا لەو وڵاتە کۆبووە و کومەڵێک پرسی پێوەندیداری خستە بەر باس و لێکدانەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی 8ی رەشەمەی 1390ی هەتاوی، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە سەرپەرستیی بەڕێز مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی ئەو حیزبە لە چەند دیداری جیاوازدا لەگەڵ شەش ئەندام پارلەمان و لۆردی بریتانیا، لە حیزبەکانی کۆنسێرڤاتیڤ، حیزبی کار و حیزبی لیبراڵ دێموکرات کۆبوونەوەی پێک هێنا.

لەو کۆبوونەوانەدا بەڕێز سکرتێری گشتی لەسەر هەلومەرجی سیاسی ئێران، بەناو هەڵبژاردنەکانی خولی نۆیەمی مەجلیسی شوورای ئیسلامیی رێژیم، کاریگەریی گەمارۆکانی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و وڵاتانی رۆژئاوا لەسەر ڕێژیمی ئێران بۆ بەشدارانی کۆبوونەوەکان ئاخاوتنی کرد.

بەڕێزیان لەو کۆبوونەوانەدا تیشکی خستە سەر نەگۆڕ بوونی رێژیم لەسەر سیاسەتەکانی، بەتایبەت پێداگرتنی لەسەر درێژە دان بە بەرنامەی ناوکیی خۆی. هەروەها بەڕێز هیجری لەسەر پێویستی گۆڕینی رێژیم و دامەزراندنی حکومەتێکی دێموکراتیکی فیدراڵ بە مەبەستی پێکهێنانی ئاسایش و هێمنی لە ناوچە و رزگار بوونی گەلانی ئێران لە دەست ئەو رێژیمە پێداگریی کرد و لە کۆتاییدا وڵامی پرسیاری بەشدارانی ئەو کۆبوونەوانەی دایەوە.

20.jpg 19.jpg