کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی باڵای ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو

10:38 - 3 پووشپەڕ 2721

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی بە میوانداریی کۆمەڵەی شۆرشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆبوونەوەی هەر ٤ حیزبی بەشدار لە ناوەندی هاوکاری بەڕێوە چوو.

 سەرەتای کۆبوونەوەکە ''عەبدوڵڵا موهتەدی'' لێکدانەوەیەکی لەسەر هەڵبژاردنی ئەم دواییەی سەرکۆماری و شۆراکان پێشکەش کرد کە تێیدا ئاماژەی سەرەکی خرابووە سەر بایکۆتی بەرینی هەڵبژاردنەکان لەلایەن جەماوەری خەڵک ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی.

دواتر بەشداربووانی هەر سێ لایەنەکەی دیکەی بەشدار لە ناوەندی هاوکاری ڕا و بۆچوونی خۆیان لەو بارەوە باس کرد.

لەو کۆبوونەوەیەدا ناوەندی هاوکاری سپاس و پێزانینی خۆیان بۆ جارێکی دیکە ئاراستەی خەڵکی کوردستان کرد و هەڵوێستیانیان لەمەڕ بەهاناوە هاتنی بڕیاری ناوەند بۆ بایکۆتی هەڵبژاردنەکان بەرز نرخاند.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، دوای خستنە بەر باسی ئەو گەڵاڵانەی کە ناوەندی هاوکاری لە مانگەکانی ڕابردوودا کاری لەسەر کردوون، بڕیار درا کە لانیزۆر تا ١ مانگی داهاتوو ئەم گەڵاڵانە تەواو بکرێن و بۆ پەسەندکردنی کۆتایی بێنەوە کۆبوونەوەیەکی باڵای ناوەندی هاوکاری.

لەو کۆبوونەوەیەدا بەرپرسایەتی دەورەیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کۆتایی پێهات و بەرپرسایەتی ناوەندی هاوکاری بۆ دەورەی داهاتوو ڕادەستی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرا.